کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لە ناوچەی هەورامان دەسبەسەر کرا

23:38 - 20 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی گوندێکی ناوچەی هەورامان، لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٩ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی، ٢٠ کۆڵبەری کوردی خەڵکی گوندی \'\'دەرەکێ\'\' سەربە شارستانی \'\'سەوڵاوا\'\' لە پارێزگای سنە، لەسەر سنوور لە کاتی کۆڵبەریدا کەوتوونەتە نێو بۆسەی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بەناوی \'\'بێهرووز رەزایی\'\' کوڕی \'\'محەممەد حاجی\'\' تەمەن ١٦ ساڵ، دەسبەسەر کراوە.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی ئەو سنوورە لەو پێوەندییەدا بە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ١٩ کۆڵبەری دیکە پاش هەڵاتن لە بۆسەی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و یەک شەو کۆڵبەری لە کاتی گەڕانەوە دیسان کەوتوونەتە نێو بۆسەی ئەو هێزانە و تەنیا توانیویانە ٣ باری کۆڵبەران زەوت بکەن\'\'.
\'\'فەرید قادری\'\' کوڕی \'\'عەلی\'\' ناوی خاوەنی ئەو سێ بارەیە کە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە زەوت کراون.
لەلایەکی دیکەوە ٥ ماشینی هێزەکانی رێژیم لە شاری سەوڵاوا رژاونەتە نێو گوندی \'\'دەمەیەو\'\' و سەرەڕای ئەوەی کە مۆڵەتیان پێ بووە، ماڵی دوو هاووڵاتیی ئەو گوندەیان بەناوەکانی \'\'مەسعوود ئیمانی و مەحموود ئیزەدی\'\'یان پشکنیوە و لە نێو ماڵەکەدا ٨٠ کارتۆن جگەرەیان زەوت کردووە.
کردەوەی هێزەکانی رێژیم لەگەڵ دژکردەوە و ناڕەزایەتیی توندی ژنانی گوندی \'\'دەمەیەو\'\' بەرەوڕوو بووەوە و لە ئەنجامدا هێزەکانی رێژیمیش بە بەکارهێنانی ئێسپرەی فلفلی، گازی فرمێسک رێژ، شتێکی دیکەی لە جۆری تیروکەمان کەلە کاتی خواردن (اثابت کردن) ئەو بەشەی لەشی سڕ دەکرد، بڵاوەیان بە ناڕەزایەتیی ژنانی گوندی \'\'دەمەیەو\'\' کرد.
پێشتریش ١٠ کۆڵبەری کورد بەناوەکانی \'\'مەلا سەلمان محەممەدیان كوڕی سەلام، مۆمێن عەبباسی كوڕی ئەمین، عادڵ حەسەنی كوڕی عەزیز، سەلام قادرنژاد كوڕی قاسم، ئەسحەن مەحموودی كوڕی سوبحان، نزار مەحموودی كوڕی جەماڵ، كاروان كوڕی كامیل و بایزید\'\' ــ کە ناوی ٢ کەسیان ئاشکرا نەبووە ــ چەند رۆژ پێش ئێستا لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و پاش رۆژ دەسبەسەری ئازاد کران.