کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزەکانی رێژیمی ئێران لە ئورمیە کوژرا

17:53 - 7 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد لە ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە، ناڕەزایەتی هاووڵاتییان و تێکهەڵچوونیان لەگەڵ هێزەکانی رێژیم لێ کەوتەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی گوندی \'\'هاشم ئاوای\'\' ئورمیە بەناوی \'\'ئەمین حاجی\'\' کوڕی \'\'عومەر\'\' رێکەوتی ٤ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، کرایە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست دا.

ئەمین حاجی خێزاندار و خاوەنی کوڕ و کچێکە و لە کاتێکدا کە ویستوویەتی بە مەبەستی کۆڵبەری بە دەستهێنانی پارووە نانێک بۆ بژیوی ژیانی خۆی بنەماڵەکەی بچێتە سنوور، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.

شایەتحاڵێک بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: پاش ئەوەی کە ناوبراو بە تەقەی راستەوخۆی مەئموورانی هێزە نیزامییەکانی رێژیم کوژراوە، لەلایەن خەڵکەوە تەرمەکەی بۆ دەرمانگای \'\'زێوە\'\' راگوێزراوە.

ئەو شایەتحاڵە وتیشی: هاووڵاتییان بە مەبەستی راگواستنی تەرمی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی ئورمیە داوای ئامبووڵانسیان لە دەرمانگای زێوە کردووە کە بەرپرسانی دەرمانگاکە لە تەرخان کردنی ئامبۆلانس خۆیان بواردووە و بە ناچاری بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری \'\'وانێت بار\'\' بۆ ئورمیە راگوێزراوە.

ئەو شایەتحاڵە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ وتیشی: پاش ئەو رووداوە و کوشتنی ئەو هاووڵاتییە، هاووڵاتییانی دانیشتووی گوندەکانی دەوروبەری زێوە لەگەڵ هێزەکانی رێژیم دەرگیر بوون و ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر ئەم کوشتارە دەربڕیوە.