کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەرێکی کورد لە ناوچەی تەرگەوەڕ لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە کوژرا

13:55 - 7 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی تەرگەوەڕی ئورمیە، کۆڵبەرێک کوژرا و هاوکات دوو کۆڵبەری دیکەش دەسبەسەر کران.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کاروانێکی کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی تەرگەوەڕی ئورمیە، شەوی دووشەممە لەسەر سێ‌شەممە رێکەوتی ٦ی رەشەمە، لە کاتی گەڕانەوە لە سنووری تورکیەوە لە نێوان دوو گوندی \'\'دێرێ و کاولانێ\'\' سەربە \'\'گەلی بەردەڕەش\'\' کەوتنە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بەناوی \'\'عارف پیروویی\'\' کوڕی \'\'مووسا\'\' کوژرا.
عارف پیروویی خەڵکی گوندی \'\'خانەگێ\'\'ی سەربە ناوچەی \'\'تەرگەوەڕ\'\'ی ئورمیە بوو کە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژراوە.
لەو بۆسەیەدا دوو کۆڵبەری دیکەش لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون، کە هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی سەر سنوورەکان بەهۆی نەبوونی پیشەیەکی شیاو و بێکاری، بەناچاری روو لە پیشەی پڕ مەترسیی کۆڵبەری دەکەن و بە لە کۆڵکردنی کێشێکی زیاتر لە ٢٥ کیلۆ لە هەوڵی دابینکردنی بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیاندا دەبن.
کۆڵبەرانی کورد زۆربەی کاتەکان دەکەونە بەر تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و دەکوژرێن یان بریندار و یان بۆ هەتا هەتایە کەمەندام دەبن.
بەپێی ئاماری کوردستان میدیا؛ لە سەرەتای مانگی رێبەندانەوە هەتا ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی رەشەممە، ١٣ کۆڵبەری کورد بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و رقبوونەوە بەهۆی هاتنی رنوو، کوژراون و برینداربوون.