کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێ دۆڕاوە و کێ براوەیە؟

00:16 - 16 بانەمەڕ 2722

ئاویەر

لەو وتارەدا هێرشی ڕووس بۆ سەر ئۆکراینا تاوتوێ دەکرێ و ئەو پرسە دەخەینە ڕوو کە لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکڕاینا کێ براوەیە و کێ دۆڕاو؟

بۆ ڕوونکردنەوەی و شیکردنەوەی بابەتەکە دەبێ ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەینەوە یانی بگەڕێینەوە بۆ کاتی پێش هێرشەکە؛ وڵاتە ڕۆژاواییەکان پێش لە دەسپێکی شەڕەکە پتر لە ٤٠ لە سەدی گاز و زوخاڵی خۆیان لە ڕووسیا هاوردە دەکرد، ئەوە لە حاڵێکدایە کە سەرەڕای گەمارۆی ڕووس لەلایەن ڕۆژاواوە ئێستاش بەشی هەرەزۆری گازی ئەو وڵاتانە لەلایەن ڕووسیاوە دابین دەکرێ بەڵام هێرشی ڕووس بۆ سەر ئۆکڕاینا، ڕۆژاوای هێناوەتە سەر ئەو قەناعەتە کە بەرەبەرە هاوردەی وزە لە وڵاتی ڕووسیا کەم بکاتەوە هەتا ئەو کاتەی چیدیکە وزە لەو وڵاتە هاوردە نەکات و بگاتە سفر لەسەد.

له چوار ساڵ لەمەوبەرەوە وڵاتی ئامریکا لە بواری بەرهەمهێنانی نەوت بۆتە یەکەمین وڵاتی بەرهەمێنەر لە جیهاندا و پێش وڵاتانی زلهێزی بەرهەمهێنەری نەوت وەک سعوودیە و ڕووسیا کەوتووە، بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی ئامریکا پتر لە ١٢ میلیۆن بۆشکەیە، ڕادەی بەرهەمهێنانی زیاد لە پێویستی ئەو وڵاتە بووەتە هۆی ئەوەیکە بە سەدان میلیۆن بۆشکە نەوت لە ئەنبارەکاندا پاشەکەوت بکرێ.

لەلایەکی ترەوە ئامریکا لە بواری بەرهەمهێنانی گازی شلیش هەتا کۆتایی ساڵی  ٢٠٢٢ دەبێتە یەکەم وڵاتی بەرهەمێنەری گاز و پێش قەتەر و وڵاتی ڕووسیا دەکەوێ.

لێرەدایە کە بەرهەمهێنانی نەوت و گازی زیادی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە بە نیسبەت ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەو وڵاتانەوە دەبێ کە نەوت و گاز هەناردە دەکەن.

هەندێک لە شڕۆڤەکاران پێیان وایە کە گەمارۆی ئابووری و وزە بۆ سەر ئێران بەشێکی بۆ ئەو زیادەبەرهەمهێنانی نەوتەی ئامریکا دەگەڕێتەوە، ئامریکا بۆ ئەوەی جێی خۆی لە بازاڕی نەوتدا بکاتەوە، گەمارۆی خستە سەر نەوتی ئێران؛ دیارە ئەو باتە هەر وەکوو ئاماژەمان پێ کرد زیادییەی نەوت بەشێکە لە هۆی خستنە گەمارۆکان و بەشی هەرەزۆری بۆ سیاسەتی تاران دەگەڕێتەوە، بە گەمارۆخستنە سەر نەوتی ئێران، ئامریکا هەندێک لە کڕیارە لەمێژینە و سووننەتییەکانی نەوتی ئێرانی بۆ خۆی قۆستەوە و ئێستا لە پاش ئەو گەمارۆیانە خۆی نەوت هەناردەی ئەو وڵاتانە دەکا، لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە وڵاتانی وەکوو کۆرەی باشوور یان ژاپۆن بکەین.

لە پاش هێرشی ڕووسیا بۆ ئۆکڕاینا نرخی نەوت گەیشتە نزیک ١٤٠ دۆلار و زۆر له شڕۆڤەکارانی بواری وزە پێشبێنی ئەوە دەکەن کە له درێژەی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکڕاینا و درێژبوونەوەی گەمارۆکان و بەرتەسککردنەوەی ئاڵقەی گەمارۆکان لەلایەن ڕۆژاوا و ئامریکاوە ئەگەری بەرزبوونەوەی نەرخی نەوت زۆر لەوە زیاترە و لەوانەیە ڕێکۆردی ساڵی ٢٠٠٨ بشکێنێ .

ئامریکا پتر لە ٧٠٠ میلیۆن بۆشکە نەوتی پاشەکەوتکراوی هەیە و بە بەرهەمهێنانی ڕۆژانە ١٢ میلیۆن بۆشکە نەوت لە چوار ساڵ لەمەوبەرەوە بووەتە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهاندا، هێرشی ڕووس بۆ ئۆکراینا ئەو هەلەی بۆ ئامریکا ڕەخساند کە نەوتە پاشەکەوتکراوەکەی بە نەرخێکی بەرزەوە ڕەوانەی بازاڕە جیهانییەکان بکا، واتە بە ئازادکردنی نەوتە پاشەکەوتکراوەکە لەلایەک ڕێگا بۆ ئەنباری نەوتی مازاد بۆ داهاتوو دابین دەکا، لەلایەکی ترەوە هەم جێی نەوتی ڕووسیا لە بازاڕەکانی جیهانیدا دەگرێتەوە و هەمیش نەوتە پاشەکەوتکراوەکەی بە نرخێکی گران ڕەوانەی بازارە جیهانییەکان دەکات.

ئەو سیاسەتە تەنیا بۆ نەوت نییە، بەڵکوو ئامرێکا بەرەبەرە جێگا بە گازی ڕووسیا لە ئورووپاشی لێژ کردووە هەر وەکوو ئاماژەمان پێ کرد هەتا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دەبێتە گەورەترین بەرهەمهێنەری گاز لە جیهاندا؛ هەر ئێستا گرێبەستی هەناردەکردنی ١٥ میلیارد میتری چوار گۆشەی گازی شل لەگەڵ ئورووپا واژۆ کردووە کە دەتوانین بڵێین بە گەمارۆ خستنە سەر گازی ڕووسیا لەلایەن ئامریکا و ئورووپاوە، ئەو گازە ڕەوانەی ئورووپا دەکا

بەم شێوەیە هەم جێگە و پێگەی خۆی لە بازاڕی وزەدا کردۆتەوە و کڕیارەکانی ئێران و ڕووسی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە، هەم بە گەمارۆ خستنە سەر نەوت و گاز و ئابوورییەکەیان ئەو وڵاتانە لە بوای ئابوورییەوە فەلەج دەکا.

هەر لەو ڕوانگەیەوە دەتوانێ بوترێ کە گەمارۆی سەر نەوتی ئێران درێژخایەن دەبێ و تەنانەت ئەگەر ڕێککەوتنێکیش لە نێوانیاندا بێتە ئاراوە، کورتخایەن دەبێ، لە هەمبەر هێرشی ڕووسیاش بۆ ئۆکڕاینا لەڕاستیدا براوەی سەرەکی ئەو شەڕە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکایە و دۆڕاوی سەرەکیش بەپێی ئەو لێکدانەوەیە وڵاتی ڕووسیایه. ڕووسیا بەرەبەرە دەستی لە بازاڕی وزەی جیهانیدا کورت دەبێتەوە و لەلایەکی تریشەوە تووشی شەڕێک بووە کە داهاتووەکەی ناڕوونە؛ شەڕێک کە ماڵوێرانی و نەهامەتی لە درێژخایەندا بۆ خەڵکی ڕووسیا بەدواوە دەبێ.