کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی نەبوونی خزمەتگوزاری لە گوندێکی شاری سەقز

18:44 - 12 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی ژیان لە گوندی \'\'ئەبولموئین\'\'ی سەربە شاری سەقز بۆتە کێشەی سەرەکیی دانیشتوانی ئەو گوندە و ژیانی ئاسایی ئەو هاووڵاتییانەی ئاڵۆز کردووە.
گوندی \'\'ئەبولموئین\'\'ی سەربە شاری سەقز هەتا ئێستا کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و لەو بارەوە هیچ خزمەتگوزاریەک بۆ ئەو گوندە نەکراوە.
یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکان لەسەر زاری دانیشتووی ئاوایی \'\'ئەبولموئین\'\' بڵاوی کردەوە، نەبوونی ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە بۆتە هۆی سەرهەڵدانی ژمارەیەک نەخۆشی لەنێو گوندنشینان‌ بە تایبەتی منداڵان و زۆربەی دانیشتوانی ئەو گوندە گیرۆدەی نەخۆشی \'\'گواتر\'\' بوون.
دانیشتوانی ئاوایی \'\'ئەبولموئین\'\' بە مەبەستی چارەسەریی کێشەکانیان چەندین جار سەردانی ناوەندە پێوەندیدارەکانیان کردەوە، بەڵام بەرپرسان هەتا ئێستا وەڵامێکی گونجاویان پێ نەداونەتەوە و ئەو کێشەیە لەلایەن هەواڵدەریی ئیسناش پشتڕاست کراوەتەوە.
گوندی \'\'ئەبولموئین\'\' سەربە شاری سەقزە و ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە ٩٠ کەسە.
هەر لەو پێوەندیەدا، شاری \'\'قوروە\'\' و زۆربەی گوندەکانی ئەو شارە، لەگەڵ کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە بەرەوەڕوون و هەندێک لە ناوچەکانی لە درێژایی رۆژدا تەنیا یەک هەتا دوو کاتژمێر ئاویان هەیە.
لە لایەکی دیکەوە، سیم کێشی کارەبای زۆربەی گوندەکانی شاری \'\'قوروە\'\' کۆنە و بەتەواوەتی لە کار کەوتووە و ئەو گوندانە هەتا ئێستا لە بێ کارەباییدا بەسەر دەبەن.
کۆنی و خراپی سیستەمی گواستنەوەی کارەبا و سیم کێشی گوندەکانی شاری \'\'قوروە\'\' بۆتە هۆی سووتان و لە کارکەوتنی ئامێرە کارەبایی‌یەکانی گوندنشینان.
کێشەی بەرقی شاری قوروە لە کاتێک دایە کە پارێزگای کوردستان یەکێکە لە هەناردەکەرانی وزە بۆ دەرەوەی ئێران.