کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمتەرخەمی گیانی منداڵێکی کوردی ستاند

22:58 - 10 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵی خەڵکی چەرداوڵ سەر بە پارێزگای ئیلام، بە هۆی خواردنی میتادون گیانی لە دەست دا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەری کوردستان میدیا، منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵ لە شارستانی چەرداوڵ بە هۆی خواردنی شروبی میتادون و کەمتەرخەمی بنەماڵەکەی، گیانی لە دەست دا.

بەرپرسی شەبەکەی بێهداشت و دەرمانی چەرداوڵ رایگەیاندووە: ئەم منداڵە دانیشتووی گوندی پیازئاوای بەشی هلیلانە کە ویستوویەتی ئاو بخواتەوە، بە هۆی نزان‌کاری و کەمتەرخەمی بنەماڵەکەی شروبی میتادونی بە جێگای ئاو خواردووەتەوە و بنەماڵەکەی لە بردن بۆ نەخۆشخانە کەمتەرخەمیان کردووە.

نابراو رایگەیاندووە: سەرەکیترین کێشە وگرفتی خەڵکی ئەو ناوچەیە نەبوون و بێبەش بوون لە ناوەندێکی بێهداشتی و دەرمانییە.

کێشەی نەبوونی نەخۆشخانە و نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران بووەتە کێشەیەکی جیددی بۆ هاووڵاتییان و بەرپرسانی رێژیمی ئێرانیش هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەڵ ناگرن.

لە ماوەی ساڵی رابردوودا هاووڵاتییانی ئێرانی بە تایبەت هاووڵاتییانی کورد لە پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران بۆ دابینکردنی دەرمانی نەخۆشییەکان، لەگەڵ کێشەی زۆر بەرەوڕوو بوونەتەوە. 

کێشەی نەبوونی نەخۆشخانە و کەمیی خزمەتگوزاری لە وڵاتی ئێران لە حاڵێکدایە، کە رێژیم لە وڵاتێ وەکوو عێراق سەرقاڵی دروستکردنی نەخۆشخانەیە.