کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی خزمەتگوزاریی بێهداشتی و دەرمانی لە شاری بۆکان

18:12 - 24 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە نەخۆش و پێرسۆنێلی نەخۆشخانەی شاری بۆکان سەبارەت بە کەمیی کەلوپەلی بێهداشتی و دەرمانیی ئەو نەخۆشخانەیە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان، نەخۆشخانەی گشتی شاری بۆکان لە دەست کەمیی ئیمکانات و خزمەتگوزاری دەناڵێنێ و وڵامدەری نەخۆشەکان نییە و بێجگە لە کەمیی ئیمکانات، کێشە بەڕێوەبەریش بەرۆکی نەخۆشخانەکەی گرتووەتەوە کە هاووڵاتییان و پێرسۆنێلی نەخۆشخانەکە لەگەڵی بەرەوڕوون.

یەکێکی دیکە لە کێشە سەرەکییەکانی نەخۆشخانەی شاری بۆکان تەم و مەژاوی بوونی پرسی دانانی دەزگای \'\'سی‌تی‌ئێسکەن\'\'ە کە سەرەڕای بەڵێنییەکان هێشتا بە نیوەچڵی ماوەتەوە.

ئەو کێشانە وای کردووە کە هاووڵاتییان و بەشێک لە پیرسۆنێلی نەخۆشخانەی شاری بۆکان بە بەردەوامی ناڕەزایەتی بەو دۆخە دەرببڕن.

نەخۆشخانەکانی زۆربەی شارە کوردنشینەکان وەک ئیلام، کرماشان، سنە و ئورمیە کێشە و گرفتی وەک کەمیی پزیشکی پسپۆڕ و کەمیی کەلوپەلی دەرمانی کە زۆرجار مەرگی هاووڵاتییانیشی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەرەوڕوون.

ئەو کێشە و گرفتانەی نەخۆشخانەکانی ئێران و کوردستان لە کاتێک دایە کە رێژیمی ئێران لە بەشێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرقاڵی دروستکردنی نەخۆشخانەی تایبەت بە خەڵکی شیعەی ئەو ناوچانەیە.