کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی و هەژاری بە درۆ و دەلەسە چارەسەر نابێ!

23:37 - 30 خاکەلێوه 2722

شەماڵ تەرغیبی

  • نرخی هەر کیلۆ برنجی ئێرانی گەیشتە ١٠٠ هەزار تمەن!
  • نرخی هەر کیلۆ گەنم هەیشتە ١٢ هەزار تمەن!
  • بیمەی "دابینکردنی کۆمەڵایەتی" سەرەڕای گرانبوونی لە نەخۆشخانەکان وەرناگیرێت!
  • داخوازی بۆ کڕینی گۆشتی سوور بە ڕادەیەک دابەزیوە کە بازاڕی تووشی مەندی کردووە!
  • کارناسێكی ئابووریی سەر بە ڕێژیم وتوویەتی ڕێژەی هەڵاوسان لە ئەمساڵدا بەرو هەڵکشان دەڕوات!
  • ناڕەزایەتیی جووتیاران و کرێکاران لە زۆربەی شارەکان بەردەوامە!
  • ئێران؛ ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی پیشەی نەوت و شەبەکەی موخابرات لە زۆربەی شارەکان بەردەوامە!
  • یارمەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ نۆژەنکردنەوەی زیارتگەی ئیمامانی شیعە ٣٠ لەسەد زیادی کردووە!

ئەمانە تەنیا بەشێکی بچووک لەو دەیان و سەدان هەواڵ و ڕاپۆرتانەیە کە ڕۆژانە خەڵکانی ئێران لە ڕاگەیەنە گشتییەکاندا دەیبینن و دەیبیستن؛ نەک تەنیا بینین و بیستن بەڵکوو بە پێست و ئێسک و تەواوی ناخیانەوە هەستی پێ دەکەن و لە بەرامبەریدا دۆش داماون.

گرانی و نەبوونی هەلی کار و بێکاری و بەردەوام بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک لەو جوغرافیایە کە بە ئێران دەناسرێ و هەنووکە لەژێر دەسەڵات و سوڵتەی تاقمێک پاسداری سەر بە دەزگای ویلایەتە تا ئارمانەکانی خومەینی و خامنەیی وەدی بێنن کە ئەم ئارمانە بەپیرۆزکراوە هەمان هەڵلووشینی خوێن لە دەمارەکانی خەڵک و قایمترکردنی دەسەڵاتێکە کە نەتەنیا خەڵکانی ئێران بەڵکوو هەموو جیهانی وەزاڵە هێناوە.

وەک هاووڵاتییان لە کوردستانیش دەڵێن: "بارودۆخی ژیان لە کوردستان زۆر ئەستەم بووەتەوە؛ گرانی و بێکاری تەنگیان بە خەڵک هەڵچنیوە. تەنانەت نیزیک بە مانگێکە سنوورەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان میلیتاریزەیەکی زیاتریان خراوەتە سەر و ئاڵوگۆڕی کاڵا بە کۆڵبەری لە ئێستادا زۆر ئەستەمترە لە جاران کە وەک کاناڵێک لەمەڕ زیندوومانەوە و ژیان کردن سەیر دەکرا.

کرێی گرانی خانوو کارێکی وەهای کردووە کە شیرازەی هەندێ بنەماڵە لە یەک هەڵبوەشێتەوە. کرێچییەکانی ناوەندی شار بەرەو پەراوێزی شار و پەراوێزنشینەکان بۆ دێهاتەکانی نیزیکی شار کۆچیان کردووە. هەندێ بنەماڵە بۆ دابینکردنی کار و ماڵ بە خاووخێزانەوە بەرەو شارە گەورەکان ڕۆیشتوون. میترێک مڵکی تجاری لە شارێکی بچوکی کوردستاندا، لە نێوان سی هەتا چوارسەد میلیۆن تمەندایە!!! نرخی مڵکی نیشتەجێبوون هەر وەک مڵکی تجاری لە هەڵکشاندایە.

ئەو بنەماڵانەی کە ئەندامێکیان نەخۆشینی تایبەتیان هەیە لە خەڵکی ئاساییش گرفتارترن. ئەو بنەماڵانەی کە کوڕ و کچی لاویان هەیە و پێویستە دایانبمەزرێنن بە هۆی گرانی کەرەستەکانی ژیان لە ناو خۆیاندا تووشی خەمۆکی و بێ هیوایی بوونە.

دزی و دەڵەدزی، دەسبڕی و نەداننەوەی پارە و دەیان بێنۆرمی کۆمەڵایەتی دیکە گەیشتوونەتە ئاستێک کە دەکرێ بڵێین خەریکە مۆرکی عەیبەیان لە سەر نەمێنێ.

لەم بارودۆخەدا دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارانی ماددی بە دەیانجار لە چاو ساڵانی پێشوو لەباری ماڵییەوە سەرکەوتووترن و هیچ کەس و لایەنێکیش نییە کە بەدواداچوون بۆ ئەم پرسانە بکات و کەسیش نییە کە خەڵک هانای بۆ ببات."

لە وەها بارودۆخێکدا ئەوەیکە جێگەی هەڵوەستەلەسەرکردنە درۆ و دەلەسە بەردەوامەکانی ڕێژیمە کە لە ئاستی جۆراوجۆردا بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک دەیدەن بە دەستەوە؛ بۆ نموونە گەورەدرۆزنی ڕێژیم، واتە عەلی خامنەیی بە هەوڵدان بۆ خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن دەڵێ: "ئابووریی ئێران سەرەڕای تەحریمەکان شکستی نەخواردووە و بەپێچەوانەی پێشبینی بیانییەکان، ئێران مایەپووچ نەبووە و ئەمەش وای کردووە کە کۆماری ئیسلامی ببێتە نموونەیەکی دیار لە جیهاندا کە تووشی قەرز نەبووە."

ئەم قسانە لەکاتێکدا دێنە گۆ کە بەپێی خودی ئاماری بانکی ناوەندیی ڕێژیم، ئێران بڕی ٨ میلیارد دۆلار قەرزی دەرەکی و ٢٧٧ میلیارد دۆلار قەرزی ناوخۆیی هەیە و دەوڵەتیش بڕی ١٦٥ هەزار میلیارد تمەن بە بانکی ناوەندی و بڕی ٥٨٧ هەزار میلیارد تمەن بە بانکەکانی دیکە قەرزدارە! ئیتر باس کردن لەو بەشەی قسەکانی خامنەیی کە دەڵێ ئابووریمان شکستی نەخواردووە دەهێڵینەوە بۆ خودی کارناسانی ڕێژیم و یەک لەوان موسا میرجەهانمەردی سەرۆکی ماڵی کرێکار لە بووشێهر کە دەڵێ: زیاتر لە ٧٠٪ی کۆمەڵگای ئێران توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆیانیان نییە! جا با کەسێکی وەک ئیبراهیم ڕەئیسیش هەتا ئێوارە هاوار بکات کە ئامادەیە بۆ ئیسڵاحی بنچینەیی لە ئابووری، ئابڕووی خۆی بخەمە گرێو! بەڵام خەڵک ئەوە نازانن و ئابڕووی قەت‌نەبووی ڕەئیسی و دەوڵەتەکەی و خامنەییش نە دەبێتە نان، نە دەبێتە ئاو و نە دەبیتە هۆی بەردەوامیی ژیان لە ئێران.

ئەگەر رەئیسی و حکوومەتە ئیسک‌گرانەکەی خەمی سفرەی خەڵک و داهاتوو و چارەنووسی ئەوانیان ببوایەت وڵامیکی کرداری و پراکتیکییان بۆ مانگرتن و ئێعترازە بەردەوامەکانی خەڵک دەبوو کە ڕۆژانە کۆ دەبنەوە، لێیان دەدرێ، لێیان دەگیرێ و ئازار دەدرێن بەڵام دیسانیش هەر دێنەوە سەر شەقام و دروشم دەدەن؛ هەڵبەت بڕێ سروشتی دێتە بەرچاو کە بەلای دەسەڵاتەوە ئەم کۆبوونەوانە گرینگ نەبێت چونکە خۆیان هیچ کات برسیەتییان ئەزمون نەکردووە و نازانن کاتێک منداڵێک بە بابی دەڵێ برسیمە و ئەویش بێدەسەڵاتە بۆ دابینکردنی ژەمەخواردنێک، چ هەستێکی هەیە!