کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری سناتۆرەکانی ئەمریکا لەسەر ئۆباما لەمەڕ پەسەند کردنی گەمارۆی زیاتر بۆ سەر ئێران

18:25 - 13 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە سناتۆرەکانی مەجلیسی سنای ئەمریکا داوایان لە ئۆباما سەرکۆماری ئەو وڵاتە کردووە کە هەتا کاتی سەلماندنی مەبەستە ئاشتی خوازیەکانی رێژیم لە بەرنامە ناوکیەکەی، گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە توندتر بکرێت.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەری ئاسوشێتێدپرێس، لەگەڵ دەستپێکی حەوتەمین خولی سەرکۆماری لە ئێران، زیاتر لە ٧٦ سناتۆری ئەمریکا لەگەڵاڵەیەکدا خوازیاری زیاد کردنی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیمی ئێران بوون.
ئەو گەڵاڵەیە کە هاوکات پەرچەکرداری سەرکۆماری ئێرانی لێ کەوتەوە، بە ئیمزای زۆرینەی سناتۆرەکانی ئەمریکا پەسەند کراوە و بۆ واژۆی کۆتایی رەوانەی لای باراک ئۆباما کراوە.
لەو گەڵاڵەیەدا رێکاری نیزامی وەکوو یەکێک لە رێکارەکانی پێشگیری لە دەست پێڕاگەیەشتنی ئێران بە چەکی ناوکی، دەستنیشان کراوە.
وڵاتانی رۆژئاوا بە مەبەستی پابەند نەبوونی ئێران بە رێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکان ، گەمارۆی ئابووری توندیان خستۆتە سەر ئەو رێژیمە.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە رێژیمی ئێران بەرنامە ناوکیەکەی خۆی ئاشتیانە لەقەڵەم داوە و لەم پەیوەندیەدا هیچ روونییەکی لە بەرنامەکانی خۆی نیشان نەداوە.
دوایین گەمارۆکان هەناردەی نەوتی ئێرانی کردۆتە ئامانج و لە سنای ئەمریکا بە ٤٠٠ دەنگی بەڵێ و ٢٠ دەنگی نا پەسەند کرا.

لە پەیوەندیەدا،بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیری ئیسرائیل پێشوازی لە تەرحی نوێی گەمارۆکانی سەر ئێران کرد و وتوویەتی: پەسەند کردنی تەرحی گەمارۆ خستنە سەر نەوتی ئێران پەیامێکی ئاشکرا و گرنگ بەو رێژیمەیە.