کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوندێکی سەرسنوور لە پارێزگای ئیلام بەهۆی نەبوونی ئیمکانات چۆڵ کراوە

23:10 - 11 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: نەبوونی ئیمکاناتی سەرەتایی ژیان، گوندێکی باشووری ئیلامی بەناوی \'\'حەسەن قەندی\'\' چۆڵ کردووە و دانیشتوانی بۆ شارەکان کۆچیان کردووە.
گوندی حەسەن قەندی لە ناوچەی دەشتی عەبباسی باشووری پارێزگای ئیلام، بەدەستی بێ ئیمکاناتییەوە دەناڵێنن. ئەو گوندە لە سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق رێگاوبانی بۆ دروست کرا کە هەتا ئێستا هیچ چاکسازییەک بۆ بووژانەوەی ئەو جادەیە نەکراوە.
گوندی بەشخوراوی حەسەن قەندی، لە ٣٥ کیلۆمیتریی سنوور هەڵکەوتووە و مەیدانی مین و گوللە خومپارە نەتەقیوەکانی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵە، چوار دەوری تەنیوە و تێپەڕ بوون بۆ سنوور لەو گوندەدا مەرگی لەسەدا سەدی بە دواوە دەبێت.
دانێشتوانی گوندی حەسەن قەندی، گوندەکەی خۆیان بەهۆی نەبوونی ئاو و بەرق چۆڵ کردووە و تەنیا ٣ کەس تێیدا دەژین، بۆ دابین کردنی ئاوی خواردنەوەیان، ناچارن روو لە گوندەکانی دەوروبەری ناوچەی دەشتی عەباس بکەن.
ئەمە لە کاتێک دایە کە، ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە کۆڵەکەی بەرقیان لەو گوندەدا داناوە، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسان هەتا ئێستا بێ بەرق ماونەتەوە و دانیشتوانی بە کۆچ کردن بۆ شوێنەکانی دیکە ئێران ناچار کردووە.