کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان لە دەستدانی هاووڵاتییەکی کورد لە سنووری نەوسوود

14:20 - 7 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: بەهۆی نەبوونی ئیدارەیەکی یاسایی پاسەوانی لە سنوور و زاڵبوونی کەش و دۆخی ئەمنییەتی له ناوچە سنوورییەکانی نێوان کوردستانی رۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان هاووڵاتییەکی خەڵکی وەزڵی گیانی لە دەست دا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٦ی مانگی رەزبەری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی وەزڵیی سەربە شاری نەوسوود و دانیشتووی شاری روانسەر بە ناوی مەجید خوشڕەفتار، لە کوێستانە سنوورییەکانی ناوچەی نەوسوود تووشی راوەستانی دڵ بووه و گیانی لە دەست داوە.

بەهۆی ئەوەی کە سنووری نێوان کوردستانی رۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە بە شێوەیەکی چڕ میلیتاریزه کراوە، ساڵانه بە دەیان هاووڵاتیی کورد دەکەونە بەر دەستڕێژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەبنە قوربانی.

نزیک بوونی گوندە سنوورییەکان و مەودای کەمی نێوان ئەوانه بۆته هۆی ئەوە کە خەڵکی ئەم ناوچەیە لە گوندەکانی هەرێمی کوردستان و کوردستانی ئێران پێوەندیی خزمایەتییان هەبێت، هەر بۆیه هاتوچۆ لە نێوان خەڵکی ناوچەکەدا لە سنوورەکانەوە زۆرە.

رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە توندترین شێوە، کەش و دۆخی ئەمنییەتیی بەسەر ئەم ناوچەیەدا زاڵ کردووە و رۆژانە بەشێوەی راستەوخۆ تەقە لەو هاوڵاتییانە دەکات کە هاتوچۆی سنوورەکان دەکەن.

لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی ئێران لە ناوچەی نەوسوودا ئیدارەیەکی یاسایی پاسەوانی لە سنوور لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە دانەنراوە و خەڵک بۆ پەڕینەوە لە سنوور دەبێ لە شاخەکان و کوێستانەکانی ئەو ناوچەیەدا کە زۆربەیان مینڕێژ کراون، هاتوچۆ بکەن.

تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە لایەکەوە و مینە چێنراوەکان لە لایەکی دیکەوە، رۆژانە هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکان بەرەوڕووی مەترسیی گیانی دەکەنەوە و ساڵانە بە دەیان کەس بەم هۆیانەوە دەبنە قوربانی و گیانیان لە دەست دەدەن.