کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانی ٤ هەزار قوتابی لە قوتابخانەکانی پارێزگای ئورمیە لە مەترسی دایە

15:45 - 1 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: بەهۆی نائەمنی و نەبوونی ستانداردەکانی قوتابخانە سازی لە پارێزگای ئورمیە، گیانی ٤ هەزار قوتابی لە ٢٠٠ قوتابخانەیی ئەو پارێزگایەدا لە مەترسی دایە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەموو شێوازێک بۆ پەرەدانی نەخوێندەواری کەڵک وەر دەگرێت، لە وەرگرتنی پارەی زۆرەمڵی لە قوتابییان هەژار و کەم داهات هەتا دروست کردنی بینای قوتابخانەکانی بە شێوەیەکی ناستاندارد، سیاسەتێکە کە رێژیمی ئێران لە کوردستان بۆ دابەزاندنی ئاستی خوێندەواریی خەڵک رەچاوی دەکات.
قوتابییانی کورد لە پارێزگای ئورمیە خوێندن و نووسین لە قوتابخانەکانی بە نرخی گیانیان دەکڕن و ناستانداردیی ٢٠٠ قوتابخانە مەترسیی هەمیشەیی بۆ ٤ هەزار قوتابیی کورد لەو پارێزگایەی کوردستاندا دروست کردووە.
دروست کردنی قوتابخانەکان لەسەر رێگا سەرەکیی و قەرەباڵغەکانی پارێزگای ئورمیە، ناستانداریی بیناکان و هەروەها کۆنەبوون و ناستانداردیی ئامراز و کەلوپەلەکانی نێو قوتابخانەکان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروست کردنی مەترسیی گیانی بۆ سەر قوتابییانی کورد لەو پارێزگایە دایە.
لەو پێوەندییەدا دەتوانین ئاماژە بە ئاگرکەوتنەوە سۆبەی نەوتیی قوتابخانەی سەرەتایی گوندی \'\'کەریزەی شێخان\'\' لە ناوچەی مەهاباددا لە رێکەوتی ١ی بەفرانباری ١٣٩٢ بکەین و پێشتر لەوەش لە رێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩١ی هەتاوی بەهۆی تەقینەوەی سۆبەی نەوتیی قوتابخانەی گوندی شیناوی لە ناوچەی پیرانشار، ٣٧ کچە قوتابیی پۆلی چواری سەرەتایی سووتان و لە ئەنجامدا ٢ کەس لەو قوتابییانە بەهۆی قووڵ بوون و کاریگەریی سووتانەکەیانەوە گیانیان لە دەست دا.