کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆبوونەوەی ناڕەزایی چالاكانی یارسان لە كرماشان، ڕێگەی پێ نەدرا

15:07 - 16 رەشەمه 2715

كوردستان میدیا: كۆبوونەوەی ناڕەزایی چالاكانی مەدەنیی یارسان لە بەردەم بینای ئوستانداریی كرماشان، بە هۆی پێنەدانی مۆڵەت لە لایەن ئۆرگانە پێوەندیدارەكانی ڕێژیمەوە هەڵوەشێنرایەوە.

بەپێی هەواڵی هێرانا، سیاوەش حەیاتی وتەبێژی كۆڕی ڕاوێژكاریی چالاكانی مەدەنیی یارسان وێڕای پشتڕاستكردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند كۆبوونەوەكە بە هۆی پێنەدانی مۆڵەت و هەلومەرجی تایبەتی پارێزگای كرماشان دوا خراوە، بەڵام ئەوان هێشتا پێداگرن لەسەر بەڕێوەبردن و پێكهێنانی ئەو زنجیرە مرۆییە بە مەبەستی شەرمەزاركردنی دەستدرێژی بۆ سەر هەموو مرۆڤێكن.

وتەبێژی ئەو ڕێكخراوەیە سەرچاوەی ئەو كێشە و گرفتانە لە هەڵاواردندا دەبێنێت و باس لەوە دەكات كە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا كەس لە سەر سووكایەتیكردن بە بیروباوەڕەكانی خەڵكی یارسان سزا نەدراوە یان لە مینبەر و تریبۆنە فەرمییەكاندا پێش بەو سووكایەتیانە نەگیراوە.

حەیاتی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵێك لەمەڕ هێرش بۆ سەر دوایین جەمخانەی پارێزگای كرماشان گوتی: ئێمە نە دەتوانین هەواڵی هێرش بۆ سەر جەمخانە پشتڕاست بكەینەوە و نە دەتوانین رەدی بكەینەوە. هیچ شوێنێك خاپوور نەكراوە، بەڵام بەپێی ئەو هەواڵانەی كە دەستمان كەوتوون، جۆرێك دەستدرێژی لە ئارادا بووە كە هیچ بەڵگەیەكمان لەو پێوەندییەدا بە دەستەوە نیە، بە پێچەوانەی پرسی سووكایەتی بە هێماكانی ئایینی یارسان كە سەرەڕای بوونی وێنەكان، لە لایەن شایەتحاڵانیشەوە پشتڕاست دەكرێتەوە.

ڕۆژی شەممە ٨ی ڕەشەمە، نزیك بە ١٠٠ كەس لە كەسانی توندئاژۆی ئایینی بە دار و بەرد هێرشیان كردە سەر جەمخانەی پێڕەوانی یارسان لە شاهاباد و شووشەی ئەو شوێنەیان شكاند و خەساریان بە بیناكەش گەیاند.

ئەو كەسانە، گرووپێكی پێكهاتوو لە توندئاژۆ ئایینییەكانی بەستراوە بە ڕێژیم بوون كە بە پشتیوانیی هێزە ئەمنییەكان و مەئموورە ئینتیزامییەكانی ڕێژیم لەو شوێنە ئامادە بوون و بێڕێزی و سووكایەتییان بە هێما و سیمبۆلەكانی ئایینیی كەونارای یارسان كرد و دروشمیان لە دژی پێڕەوانی ئەم ئایینە دا.

هێرشبەران وێڕای دانی دروشم، خوازیاری لەناوچوونی گشتیی پێڕەوانی ئایینی یارسان بوون.

بەكرێگیراوانی ڕێژیم هاوكات لەگەڵ هێرشكردنە سەر جەمخانەی شاهاباد، ژمارەیەك لە شارۆمەندانی یارسانیان كە ناڕەزایەتییان لەمەڕ ئەو هێرشە دەربڕیبوو، دایە بەر لێدان و كوتان.

هەروەها ڕۆژی یەكشەممە، ٩ی ڕەشەمە، كۆبوونەوەیەكی ناڕەزایی بە مەبەستی داكۆكی كردن لە پێڕەوانی ئایینی یارسان، لە بەردەم بینای بەخشداریی گاوارە، سەر بە شارستانی كرند بەڕێوە چوو.

لە لایەكی دیكەوە لە زۆربەی جەمخانەكانی ناوچە یارسانەكانی ئێران و كوردستان، خەڵك بە مەبەستی دەربڕینی بێزاریی خۆیان لە ڕووداوەكەی شاهاباد و پرۆتێستۆ كردنی سووكایەتی و دەستدرێژی بۆ سەر پێڕەوانی ئەم ئایینە، بەشێوەی خۆڕسك كۆ بوونەوە و واژۆیان كۆكردەوە.

ئایینی یارسان لە ئایینە كەون و ڕەسەنەكانی كوردستانە و بەپێی ئامارە نیمچە فەرمییەكان، نزیكەی ٢ میلیۆن شارۆمەندی پێڕەوی ئایینی یارسان لە ئێران و بە تایبەتی لە كوردستاندا دەژین، بەڵام ئەم ئایینە لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا بە فەرمی نەناسراوە و كەرامەت شكاندن لە ڕێی تاشینی سمێڵی پیاوانی یارسان و چەندین جۆر ستەم و هەڵاواردنی سیستماتیك و ڕۆژانە، لە دژی پێڕەوانی ئەم ئایینە، لەم چەند ساڵەی دوواییدا، بووەتە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە نێوان پێڕەوانی ئەم ئایینەدا.