کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆماری ئیسلامی، تۆمەتی هاوكاریكردنی داعش دەداتە پاڵ چالاكانی بایكۆتی هەڵبژاردن لە كوردستاندا

15:09 - 25 رێبەندان 2715

كوردستان میدیا: دەستوپێوەندییەكانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی دەنگۆ و هەواڵی ناڕاست لە دنیای مەجازیدا، تۆمەتی ئەندامەتیی داعش دەدەنە پاڵ چالاكانی بایكۆتی شانۆی هەڵبژاردنەكانی ڕێژیم لە كوردستاندا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو، بەكرێگیراوانی ڕێژیم لە یەكێك لە كاناڵەكانی سەر بە ڕێژیم لە تێلێگرامدا بە بڵاوكردنەوەی كۆمەڵێك تراكت و دروشمی دەستكرد دەیانهەوێ وا نیشان بدەن كە گرووپی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بانگەشەی تەحریمی هەڵبژاردنەكانی مەجلیسی خوبرەگان و شۆرای ئیسلامیی ڕێژیم دەكات و بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بە كوفر دەزانێت.

پاش ڕاگەیاندنی تەحریمی هەڵبژاردنەكانی كۆماری ئیسلامی لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم لە كوردستان بە تایبەتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە، ڕێژیم بە هەموو شێوەیەك هەوڵی داوە خەڵكی كوردستان ناچار بكات بێنە سەر سندووقەكانی بەناو دەنگدان و هەر لەو ڕاستایەدا دەیهەوێ وا نیشان بدات كە هەڵوێستی حیزبە سیاسییە شۆڕشگیڕەكانی كوردستان لە سەر پرسی هەڵبژاردن، هاوتەریبە لەگەڵ هەڵوێستی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش.

ئەوە لە حاڵێكدایە كە نەتەوەی كورد و هێزە سیاسییەكانی لە هەموو پارچەكانی كوردستاندا هەتا ئیستاش گرینگترین هێزی بەرەنگاریكەر لە بەرانبەر داعشدان و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیش، یەكەم هێزی كوردستانی ئێران بوو كە پاش هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستانی باشوور، هێزی پێشمەرگەی خۆی ڕەوانەی بەرەكانی شەڕی داعش كرد.

شایانی باسە، پێشتر مستەفا هیجری، سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وتارێكدا پەردەی لە سەر بەرژەوەندیی هاوبەش و پێوەندییەكانی نێوان ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش و كۆماری ئیسلامی ئێران لادابوو.