کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆنگرەی ئەمریكا بە فەرمیی لەگەڵ چەكداركردنی دژبەرانی سووریە رەزامەندی دەربڕی

22:16 - 1 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: كۆنگرەی ئەمریكا لەگەڵ باراك ئۆباما سەركۆماری ئەو وڵاتە لەمەڕ پشتیوانی كردنی نیزامیی لە دژبەرانی سووریە گەیشتوونەتە هەڵوێستێكی هاوبەش.
هەواڵدەریی رویتێرز بڵاوی كردەوە، لێپرسراوی كۆمیتەی ئەمنیەتیی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریكا رایگەیاندووە، نوێنەرانی كۆنگرەی ئەمریكا گەیشتوونەتە سەر ئەو باوەڕەی كە پێویستە حكوومەتی ئەمریكا پشتیوانی لەدژبەرانی رێژیمی سووریە بكات.
كۆشكی سپی ماوەیەك لەمەوبەر رایگەیاندبوو، ئێمە دەبێ پشتیوانی نیزامیی و لوجێستیكی لە ناڕازیانی سووریە بكەین و ئێستاكەش ئەو دەرفەتە هاتۆتە پێش.
حكوومەتی ئەمریكا پێشتر تەنیا دەیهەویست لەرێگای ئاشتیخوازانە و وتووێژەوە كێشە و قەیرانەكانی سووریە چارە سەر بكات.

لەلایەكی دیكەوە هەر دوو حیزبی كۆماریخواز و دێمۆكراتەكانی ئەمریكاش نیگەرانیان لەوە دەربڕیوە، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو چەكوچۆڵەی كە بڕیارە حكوومەتی ئەمریكا بۆ دژبەرانی بنێرێ، بگاتە دەستی گرووپە رادیكالە ئیسلامییەكانەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا كۆمیتەی ئەمنیەتیی مەجلیسی نوێنەرانی ویلایەتە یەكگرتووەكان رەزامەندی خۆی لەگەڵ ناردنی كەلوپەلی نیزامیی بۆ دژبەرانی سووریە دەربڕیوە.