کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات بەرز راگیرا

14:55 - 3 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٣٠ی رێبەندان ٦٨مین ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەندین چالاکی بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣٠ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی، بە بەشداریی \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەری رێکخراوەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان، کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوان و کۆمەڵێک کەسایەتی و میوان، رێوڕەسمێک لە بنکەی سەرەکیی یەکیەتیی لاوان بەڕێوه چوو.
سەرەتای رێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و ساتێک راوەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان بەتایبەتی شەهیدانی یەکیەتیی لاوان، دەستی پێکرد.
دواتر پەیامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی لاوان، لەلایەن \'\'جەلال رەوانگەرد\'\' جێگری سکرتێری گشتییەوە خوێندرایەوە.
هەلومەرجی ئەو کاتی دامەزرانی ئەو رێکخراوەیە و ئامانجەکانی دامەزرێنەرانی ئەو یەکیەتیی و قۆناغە مێژوویی‌یەکانی تێکۆشانی یەکیەتیی لاوان بەشێک لە ناوەڕۆکی ئەو پەیامەی لەخۆ گرتبوو.
لەو رێوڕەسمەدا دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٦٨ەمین ساڵیادی دامەزرانی یەکیەتیی لاوان، چەپکە گوڵێکی پێشکەش بەو رێکخراوە کرد.
هەروەها گۆمەڵێک پەیام لەلایەن حیزب و رێکخراوەکانی تابەت بە توێژی لاوان لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان و وڵاتانی بیانی پێشکەش بە یەکیەتیی لاوان کرا کە لەو رێوڕەسمەدا ئاماژە بە ناوەکانیان کرا.
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی رێزگرتن لە خەباتی ئەو تێکۆشەرانەی کە ئەندامی دێرینی یەکیەتی لاوان بوون و لە رابردووی ئەو رێکخراوەیەدا چالاک بوون و ئەو بەڕێزانەی کە بە هۆی تەمەنەوە لە ریزەکانی یەکیەتیی لاواندا نەماون، بە بۆنەی ٦٨ەمین ساڵڕۆژی دامەزراندن، سپاسنامەی رێزگرتن لە تێکۆشان پێشکەش کرا.
پاشان \'\'سەیدعەلی رەحمانی\'\' وەکوو لەمێژینەترین ئەندامی یەکیەتیی لاوان لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد و دوابەدوای ئەوەش پارچە پەخشانێک لەسەر یەکیەتیی لاوان، لەلایەن رێبوار ئەبوبەکری ئەندامی ئەو رێکخراوەیەوە خوێندرایەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕسەمەدا \'\'غوڵام فاتحی\'\' گۆرانی‌بێژی کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکرات گۆرانییەکی خوێند و دواتر \'\'گرووپی هەڵپەڕکێی منداڵانی ئازادی\'\' چەند تابڵۆیەکی هەڵپەڕکێیان نمایش کرد و پاشان گۆرانییەکی دیکە لەلایەن \'\'فەرهاد کەرەمی\'\' پێشکەش کرا.
هەروەها لە شاری رانیە لە هەرێمی کوردستان، وڵاتی هۆلەند، ناوچەی شسمۆ لە نوروێژ و وڵاتی دانمارک، بەو بۆنەوە کۆمەڵێک چالاکی بەڕێوەچوو.