کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٧٥ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پیرۆز بێت

18:23 - 23 گەلاوێژ 2720

ساڵە نەڵۆسی

دوای ڕووخانی ڕێژیمی دژی گەلیی پاشایەتی لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، حیزبی دێموکرات کە ڕیشەی لە ناو خەڵکی کوردستاندا هەبوو، زۆر زوو بە شێوەیەکی ڕێکخراو و ڕێکوپێک توانی بێتە مەیدانی تێکۆشان. لە زۆربەی شارەکانی تری کوردستان، کۆمیتەی ناوچە، کۆمیتەی شارستان، هێزی پێشمەرگە، یەکیەتیی لاوان، یەکیەتیی ژنان و کۆڕی پەروەردە و فێرکردن و لە دێهاتەکان شووڕا دامەزران و بە جۆرێک کەلێنی نەبوونی ئیداراتی دەوڵەتی پڕ کرابوونەوە. بە کردەوە ڕێکخستن و هاوکاریی خەڵک ببووە ئەرکی حیزبی دێموکرات و بۆ هەموو کاروبارێک خەڵک ڕوویان لە کۆمیتەکانی حدکا دەکرد.

دامەزرانی کۆڕی پەروەردە و فێرکردن

هەوڵی حیزبی دێموکرات بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان و بۆ ئەوەی نەهێڵێت لاوانی کوردستان لە خوێندن دوا بکەون، کۆمیتەکانی حدکا  زۆر فەعالانە بە دێهاتەکاندا گەڕان و داوایان لە لاوانی خوێندەوار کرد، بە تایبەت ئەوانەی "راهنمایی" بۆ سەرێیان تەواو کردبوو. بەم جۆرە توانییان دەیان لاو کۆ بکەنەوە و یەکەم دەورەی مامۆستای شۆڕش لە پیرانشار، (من ئاگاداری شوێنەکانی تری کوردستان نیم) لە گوندی قەڵاتی مەنگوڕان بەڕێوە چوو. ئەم دەورەیە لە لای ڕێبەریی حدکا و بە تایبەت شەخسی دوکتور قاسملوو جێگەی بایەخ بوو. لە نیوەی دەورەکەدا بووین کە کاک دوکتور قاسملوو لەگەڵ خوشکە نەسرین و یەک دوو نەفەری ڕێبەری سەردانیان کردین. یەکەم جار بوو لە نزیکەوە دوکتور قاسملوو ببینم. کاک دوکتور زۆر ڕێزی لە بەشدارانی دەورەکە گرت و هانی دان کە دەبێ تەواوی هەوڵی خۆیان بدەن بۆ پێگەیاندنی منداڵانی کورد و دەبێ تەواوی قوتابخانەکان ئاوەدان بکرێنەوە.

ئەم هەنگاوەی حدکا لە کاتێکدا بوو کە ڕێژیم ڕۆژانە هێرشی دەکردە سەر کوردستان و دەستی  لە هیچ جینایەتێک نەدەپاراست، زۆربەی قوتابخانەکان وێران بوون، کتێبی دەرسی دەست نەدەکەوت و کتێبەکان زۆرتر کتێبی ڕێژیمی پێشوو و  نیزامی پێشووی دەرسیی ئێران  بوون، لەم کاتەشدا کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی سەرانسەریی کوردستان کارێکی پیرۆزی کرد و کتێبی پۆلی ١ و ٢ی گەیاندە قوتابخانەکان کە لەگەڵ شادیی قوتابییان بەرەوڕوو بوو و بۆ ئێمە وەک مامۆستایان و قوتابییان یەکەم جار بوو لە قوتابخانە کوردی بخوێنین و  لە قوتابخانەش بە زمانی کوردی قسە بکەین. بۆ ئێمە وەک مامۆستاش ئاسان نەبوو دەرسی کوردی بڵێین، بەڵام لە خۆشیی زمانی کوردی هەر زوو هەم ئێمە مامۆستایان و هەم قوتابییان توانیمان خۆمان فێری  خوێندن و نووسینی زمانی دایکیی خۆمان بکەین. هەڵبەت بۆ پۆلەکانی تر بەداخەوە حدکا وێڕا نەگەیشت بیکاتە کوردی و ناوچە کەوتەوە دەستی دوژمن.

لە پیرانشار تا ساڵی ١٣٦٣ سەدان قوتابی لەژێر دەستی مامۆستایانی شۆڕشدا پێگەیشتن و بەشداریی منداڵان ئیجباری بوو.

کۆمیتەکانی حدکا

کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)  لە ناوچەکەدا  زۆر چالاک بوون، بەشی کۆمەڵایەتی، بەشی تەشکیلاتی و بەشی ماڵییان هەبوو. بەشی کۆمەڵایەتی کاری زۆر بوو، زۆر دابونەریتی کۆنی  ناته‌ندروست  هەبوون کە حدکا هەوڵی گۆڕینی دەدا، وەک گەورە بە چووکەی کچان، ژن بە ژنە  و... دەتوانم لێرەدا ئیشارە بە شەهیدان سوڵتان سەمەدی و محەممەدە ڕوت لە کۆمیتەی لاجان بکەم کە تا کاتی شەهید بوونیان، دەیان ژن بە ژنەیان لە ناوچەی لاجانی پیرانشار هەڵوەشاندەوە. دەیان کچ کە بە چووکەیی مارە کرابوون، کۆمیتەکانی حدکا لەم داوە نەجاتی دان و توانییان بە دڵی خۆیان، ژیانی هاوبەش پێک بێنن. ڕادەی مارەیی دیاری کرا کە ٢٠ مسقاڵ زێڕ بوو.

هێندێک زەوی و زار درا بە هەژاران، هێندێک شوێنی گشتی کە خەڵک داگیری کردبوو، کرانەوە شوێنی گشتی و زەکات کە جاران هەمووی هی مەلا بوو، حدکا لەگەڵی بوو بە شەریک کە مەلاکان بە دڵیان نەبوو. هەر کێشەیەک کە لە ناوچەکەدا هەبا دەست بەجێ  کادر و پێشمەرگەکان دەگەیشتنێ و زۆر زوو چارەسەر دەکرا. لە ماوەی دەسەڵاتی حدکادا کێشەکان زۆر زۆر کەم ببوونەوە و بە هاوکاریی حدکا بە شێوەی دێموکراتیک و بە دەنگی خەڵک لە هەموو دێیەکان شووڕای دێ دانرا. شووڕای دێیەکان خۆیان وەک هاوکاری کۆمیتەکان کێشەکانی خەڵکیان چارەسەر دەکرد. کە دەچووینە دێیەک پەیوەندیی ئێمە لە ڕێگای شووڕاکانەوە بوو.

گوندەکانی پیرانشار تەقسیم کرابوون بەسەر چەند کۆمیتەیەکدا وەک کۆمیتەکانی لاجان، بەربنە، پیرانان، کۆمیتەی بەری مێرگان و کۆمیتەی نەڵێن - گەدە،  هەموویان سەر بە کۆمیتەی شارستانی پیرانشار بوون و کۆمیتەکان دەخاڵەتیان لە کاروباری یەکتردا نەدەکرد.

هێزی پێشمەرگە

  هێزی پێشمەرگە لە پیرانشار، هێزی شەهید مەلا ئاوارە بوو کە دواتر گۆڕا بە هێزی قەندیل و لک و دەستە و پەلەکان سەرەتا هەر یەکە و بە ناوی شەهیدێک بوو کە دواتر ئەوانیش وەک هێز ناویان گۆڕدرا (بەداخەوە بەهۆی زیادبوونی ڕادەی شەهیدان) لە هێزی قەندیل زۆربەی پێشمەرگەکان لاوانی ناوچەی خۆمان بوون. هەر ناوچەیەک و لکێ خۆی هەبوو. لکی ١ ( ناوچەی بەربنە)، لکی ٢2 و لکی ٥ (ناوچەکانی نەڵێن- گەدە و بەری مێرگان). لکی ٣ (ناوچەی پیرانان) و لکی ٤ (ناوچەی لاجان) و پەلی فەرماندەهی و دەستەی زەربەت، دەستەی زەربەت و  لکەکانی ١، ٣، ٤ و لاوان و تەشکیلات زۆر جار دەچوونە ناو شاری پیرانشاریش.  دواتر لکی ٥ و دەستەی زەربەت کەم کرایەوە و بەڵام تا ساڵی ١٣٦٥ ئەمجۆرە بوو .

یەکیەتیی لاوان

تا گیرانەوەی ناوچە ئازادکراوەکان لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی، یەکیەتیی لاوان زۆر چالاک بوون، لاوان وەک کۆمیتەکانی حدکا بە دێهاتەکاندا دەگەڕان و لاوانیان بۆ شۆڕش هان دەدا و لە مزگەوتەکان لەگەڵ خەڵک دەدوان و بڵاوکراوەکانی لاوانیان بڵاو دەکردەوە. لاوان توانییان لە پیرانشار سەدان لاوی خوێندەوار لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوە و لە دەیان شەڕدا شان بە شانی پێشمەرگەکان بەشدار دەبوون.  زۆربەی لاوەکان دواتر تێکەڵ بە تەشکیلاتی حدکا بوون.

کۆمەڵێک ڕووداوی ناخۆش ڕوویاندا کە بە قازانجی کۆماری ئیسلامی شکایەوە.

١. شەڕی ناخۆشی ئه‌و کاتی نێوان پارتی دێموکراتی کوردستان و حدکا.

٢. بەهاری ساڵی ١٣٥٩ تاقمی ٧ کەسی جیا بووەوە و بە ناوی "حدکا. پەیڕەوانی کۆنگرەی چوار" کە چوونە نیو ڕێزەکانی حیزبی توودە و عەمەڵەن وێڕای هێزەکانی ڕێژیمی ئاخوندی  واریدی شەڕ بە دژی حیزب و بزووتنەوەی کورد بوون. ئەو تاقمە دواتر خۆیان هەڵوەشاندەوە و بە فەرمی بوون بە بەشێک لە حیزبی توودە.

٣. هێرشی بەربڵاوی کۆماری ئیسلامی و گرتنەوەی ناوچەکان و دواتر ناوەندی کوردستان لە هاوینی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی کە ناچار بنکەکانمان هێنایە بناری قەندیل بە دیوی باشووری کوردستان کە ئەو کات لەژێر دەستی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستاندا بوو. دوای ئەم هێرشە بەهۆی هەڵەی بەرپرسانی حدکا لە ڕێبەرییەوە تا ناوچەیی، زیاتر لە ٢٠٠ کادر و پێشمەرگەی حدکا چوونەوە.

ورەی کادر و پێشمەرگە لەژێر کاریگەریی ئەو کۆمەڵە ڕووداو و هەڵەکارییەدا کەمێک هاتبووە خوار. بەڵام شەڕی قارەمانانەی شێلمجاڕان پاییزی ١٣٦٣ی هەتاوی کە دوای ١٢ سەعات شەڕ ڕێژیم نەیتوانی دێ داگیر بکات و دەیان کوژراوی دا و پێشمەرگەش بەداخەوە ٣ شەهیدی هەبوو و  دوای ئەم شەڕە وەک نوقتە گۆڕانێکی گرینگی مەیدانی، ورەی کادر و پێشمەرگەی  بەرز کردەوە و دوژمن لە جاران زەبوونتر ڕەفتاری دەکرد.

٤. هەڵگیرسانی شەڕی نێوان کۆمەڵە و حیزب خاڵێکی نەرێنی بوو لە کاتی خەباتی حیزب و خەڵکدا کە ئاسەوارێکی خەراپی هەبوو.

٥. دوو مانگ دوای کۆنگرەی هەشت و هەر وەک چاوەڕوانیش دەکرا، ئەو بەشە لە کادری پێشووی ڕێبەری و ژمارەیەکی چەند سەد کەسی لە کادر و پێشمەرگە لە ١ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٧دا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک جیابوونەوەی خۆیان ڕاگەیاند و لەژێر ناوی: "حدکا. ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ"دا خۆیان پێناسە کرد کە بەداخەوە هەڵگرتنی ئەو ناو و  هێمایانەی حیزب شەڕی نێوخۆیی لێکەوتەوە و زیانی بە حیزب و بزووتنەوە گەیاند.

٦. ڕاوەستانی شەڕی ئێران و عێراق و دەستئاوەڵایی زیاتری هێزەکانی دوژمن بۆ شەڕ لە کوردستان خاڵێکی دیکەی گرینگیی خەباتی ئەوکاتی حیزب بوو و هەم لە ناوخۆی کوردستان هێزی دوژمن دەست ئاوەڵا بوو، هەم دەوڵەتی ئەوکاتی عێراقیش بەرەبەرە خەریک بوو بەربەست بۆ حیزب دروست بکات.

٧.  شەهید کرانی ڕێبەران د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی کە زۆر داخدار بوون و زەبری کەمەرشکێن بوون، بەڵام حیزب لەسەر پێی خۆی ڕاوەستا.

٨. بەجێ هێشتنی قەندیل  و بەگشتی سنوورەکان و دابەزین بۆ نێو شارەکانی باشوور هۆکارێکی دیاری لاوازیی خەباتی حیزب بوو.

٩. جیا بوونەوەی دوای کۆنگرەی ١٣ کە هەتا ئێستاش ئاسەوارە نەگاتیڤەکانی دیارن.

ئەم چەند ڕووداوەی سەرەوە زۆر کاریگەرییان لەسەر چالاکیی حدکا دانا و سەدان کادر و پێشمەرگە ڕیزکانی حدکایان بەجێ هێشت، بەڵام  بەخۆشییەوە حدکا هەروا لەسەر پێی خۆی ڕاوەستاوە.  

دوا وتە

پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پیرانشار و ناوچەکانی تری کوردستان بە کەمترین ئیمکاناتی نیزامی گەورەترین هێزی پوشتە و پەرداخی ڕێژیمیان تێک شکاندووە. دەبێ بڵێم هیچ شوێنێکی ئەم کوردستانە نییە کە پێشمەرگە قارەمانیەتیی تێدا نەنواندبێت. کەمیی کەرەستەی شەڕ گەورەترین کێشەی هێزی پێشمەرگەی حدکا بوو، بەداخەوە ئەوکات لایەنگرانی بەرەی شەرق (توودەییەکان و کۆمۆنیستەکان) کە لە ناو حدکاش کەم نەبوون، زۆر دژی ئەوە بوون کە حدکا یارمەتی لە دەرەوە وەرگرێت، بەڵام ئێستا دەبینین هێزەکانی کوردی بە ئاشکرا و زۆر بە ئیفتخارەوە باسی وەرگرتنی یارمەتی دەکەن. ئەگەر ئەم شانسە یاوەری حدکاش بوایەت و ئەم ڕاگەیاندنەی ئێستا هەیە، ئەو کات هەبوایتە، حدکا ئێستا وەک باشووری کوردستان لە ناوخۆ بوو. سەدان جار پێشمەرگە شەڕی دۆڕاندووە و یان شەهیدی داوە بەهۆی کەمیی کەرەستەی شەڕ و خواردمەنی یان نەبوونی بێسیم بۆ  پەیوەندی کردن بە هاوڕێکانیان تا بە هانایانەوە بچن  و لە گەمارۆی دوژمن ڕزگاریان بکەن.

لە کۆتاییدا هیوادارم حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەوڵ بدرێت شەڕی ناوخۆیی نەبێت و  ڕێزەکانی حیزب یەک بخرێنەوە  تا جیا بوونەوەی تر ڕوو نەدات و کوردستان لە داگیرکەران پاک بکرێتەوە.