کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی شەهیدانی میکۆنوس لە لایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتەوە زیندوو ڕادەگیرێت

21:47 - 25 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ یادکردنەوە و پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی میکۆنوس چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوە دەبەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکۆشەرانی دێموکرات لە گوندی سەرهوویە سەر بە شاری مەریوان چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد و تراکت و پوستێری تایبەت بەو بۆنەیان بڵاو کردەوە و پەیمانی وەفاداری و درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدانیان نوێ کردەوە.

قارەمانانی دێموکرات لە شاری بۆکان بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانان ساڵڕۆژی شەهیدانی بێرلین بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکانی عەلی ئاباد ، جاددەی میاندواو و کوی ئەندیشه، سەوزە پۆش، بلواری کوردستان و کۆڵانەکانی مێعراج و نزیک ئیدارەی ئیتلاعات چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەروەها له‌ ڕێكه‌وتی ٢٢ و ٢٣ و ٢٤ی خه‌رمانان پێشمەرگەکانی شار لە بۆکان بە بڵاو کردنەوەی پۆستێری تایبەت به ٢٦ى خه رمانان، تیرۆر و تیرۆرپەروەری کۆماری ئیسلامی ئێرانيان مەحکووم کرد.

ئەو شوێنانەی کە پێشمەرگەکانى شار چالاکی تەبلیغییان لێ بەڕێوە برد بریتین لە دەورووبەری دانشگای پەیامی نوور، پۆمپی گازی ترمیناڵ، دەورووبەری ترمیناڵ، کوی ئەندیشە، مەجبووراوا، نەساجی، پارکی محەممەدییە، پشت سی متری، ميراوا، پارکی ساحلی، فەرهەنگیانی ١ و ٢، بلواری کوردستان و بلواری مامۆستا هەژار.‎

ڕۆڵەکانی دێموکرات به بۆنەی ساڵیادی تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی به دەستی تێرۆریستەکانی ڕێژیمی دژی گەلی کۆماری سیداره له بێرلین و هەروەها پەیمان نوێکردنەوه لەگەڵ ڕێبەرانی شەهیدی گەلەکەمان له ئاویەری سنه، مەیدانی ئیقباڵی شاری سنه، کانی ماماتگا، ڕێگاکانی کانی ماماتگا بۆ سەر ئاویەر، کوێره گوێز، دەورووبەری پەناگای ئاویەرو هەموو ئەو ڕێگایانەی بەرەو بەرزایی ئاویەر دەچیت، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.