کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یارانەکان حەزف ناکرێن بەڵام نادرێن

14:50 - 17 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: سەرۆکی دەزگای بەڕێوەبەری و بەرنامەداڕێژیی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە بەردەوام دەبین لە حەزف و نەدانی یارانەکان.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی نەدانی یارانەی نەخدی بە هاووڵاتییان لە ساڵی نوێ‏دا، محەممەد‏باقر نەوبەخت لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندووە؛ ئێمە لە دەوڵەتی یازدەهەمدا هەوڵمان بەرەبەرە حەزف کردنی یارانەکانە.

ماوەی ٥ ساڵە یاسای ئامانجدارکردنی یارانەکان لە ئێراندا، وەک بەرپرسانی حکوومەتی دەڵێن، بە مەبەستی نەهێشتنی کەلێن و مەودای چینایەتی، کاری پێدەکرێ، بەڵام نەوبەخت دانی بەوەدا ناوە کە نەتەنیا ئەم ئامانجە نەهاتۆتە دی، بەڵکوو ئەم کەلێن و بۆشاییە زیاتریش بووە.

سەرۆکی دەزگای ئاماژەبۆکراو دەڵێ: ئێمە لە دەوڵەتی یازدەهەمدا یارانەی دەوڵەمەندەکان دەبڕین و یارانەی توێژە کەم داهاتەکانیش بەرەبەرە کەم دەکەینەوە و هەوڵ دەدەین لە چوارچێوەی گەڵاڵەی گۆڕانی سڵامەتی کۆمەڵگادا سەرفی بکەین.

کارناسانی کاروباری ئابووریی ئێران پێیان وایە ئەم چەشنە لێدوانانە تەنیا بۆ ئەوەیە کە باری دەروونی و ڕەوانیی کۆمەڵگای ئێران لەوە زیاتر تێک نەچێت، دەنا هەوڵێکی سیستماتیک و چڕ لەگۆڕێدایە تاکوو یاسای ئامانجدارکردنی یارانەکان تەنیا لەسەر کاغەزدا بمێنێتەوە.