کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی ئیتلاعات و گومرگ، ١٤ کامیۆنی هێڵی ترانزیتیان لە ماکۆ زەوت کرد

17:58 - 7 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ماکۆ و ئیدارەی گومرگی ئەو شارە ماوەی دوو ساڵە ١٤ دەزگا کامیۆنی هاووڵاتییانیان زەوت کردووە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دوو ساڵە ناوەندە ئەمنیەتییەکان و گومرگ ئەو کامیۆنە چین و رووسییانە کەلە سنووری ئورووپاوە هاوردەی ئیران دەکرێن، بەبێ هیچ پاساو و بنەمایەکی یاسایی لە سنووری بارزگان زەوت کردووە و هەتا ئیستاش لە حەوشەکەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا راگیراون.
بە وتەی خاوەن کامیۆنەکان و شۆفیرەکانیان، راگیرانی ئەو کامیۆنانە لەلایەن حەراسەتی گومرگ و ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمەوە ئەنجام دراوە و ئامانج لەو کارەی رێژیم، پاوانکردنی هاوردەی کامیۆن لەلایەن خزم و کەس و کارەکانییانەوە هاتووەتە ئاراوە.
بەپێی راپۆرتەکان، ئەو کەسانە کە کامیۆنەکانیان راگرتووە، سەرەڕای رادەست نەکردنەوەی کامیۆنەکان بە خاوەنەکانیان، تۆمەتی ساختەی کاری قاچاخیشیان بۆ دروست کردوون.
دۆسیەی کامیۆنە زەوتکراوەکان لەم چەند مانگەی دواییدا لە دادسەرای گشتیی ئینقلابی شارستانی ماکۆوە گەوتە گەڕ و حوکمی \'\'بەدوادانەچوون و رانەگیرانی دووبارەی ئەو ١٤ کامیۆنە\'\' لەلایەن لقی ٢ی دادسەرای ماکۆوە دەرکرا کە ئەمەس ناڕەزایەتیی گومرگی بازرگان و ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی لێ کەوتەوە.
خاوەن کامیۆنەکان وتوویانە: تەنیا رێگای بژیوی ژیانمان لە رێگای ئەم کامیۆنانە دایە، هەر بۆیەش بەهۆی ئەوەی کە دوو ساڵە راگیراون، تووشی کۆمەڵێک کێشە و گرفتی ئابووری بووینەتەوە و تەنانەت توانای دابینکردنی سەرەکی‌ترین کاڵاکانی ژیانمان نییە.