کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم هەڕەشەی لە دوو زیندانیی سیاسیی كوردی مانگرتوو كرد

17:20 - 23 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: قاسم رەحیمی ئازەر و جەلال ناسری، ماوەی هەشت رۆژە لە گرتووخانەی شاری مەهاباد مانیان لەخواردن گرتووە و هەنووكە لەگەڵ هەڕەشەی ناوەندە ئەمنیەتییەكانی رێژیم بەرەڕوو بوونەتەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، باری تەندروستی ئەو دوو زیندانییە تێكچووە و بەپێی دوایین زانیارییەكان مەترسیی گیانی لەسەر قاسم رەحیمی ئازەر و جەلال ناسری هەیە.
هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەیان لەو دوو زیندانییە كردووە و پێیان وتوون، دەبێ‌ كۆتایی بە مانگرتنەكەیان بێنن.
ئەو دوو هاووڵاتییە لە سەرەتای مانگرتنەكەیاندا رایانگەیاندبوو، هەتا ئەو كاتەی كە وڵامی داواكارییەكانیان نەدرێتەوە، واز لە مانگرتنەکەیان ناهێنن.
داواكاریی ئەو دوو زیندانییە كوردە بەشداریی کردنە لە تاقیكاریی زانكۆ، رەزامەندی دەربڕین لەگەڵ لێبوردنی مەرجدار و هەروەها راگوستنیان بۆ گرتووخانەی شاری بۆكانە.

رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ١٥‌ی گەلاوێژ، قاسم رەحیمی ئازەر و جەلال ناسری لە بەندی ٢ی گرتووخانەی مەهاباد‌دا مانگرتنیان راگەیاند.
ئەو دوو زیندانییە سیاسییە دوای چوار رۆژ لەمانگرتنیان لەلایەن لێپرسراوانی گرتووخانەی مەهابادەوە لە بەندی ٢ـەوە بۆ قەرەنتینە راگوێزران.