کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسراییلییەک بە تۆمەتی فرۆشتنی چەکوچۆڵی نیزامی بە رێژیمی ئێران دەسبەسەر کرا

17:31 - 23 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: پۆلیسی ئیسراییل هاووڵاتییەکی بەناوی ئێلی کۆهن تەمەن ٦٥ ساڵ کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لەژێر چاودیریدا بووە، بەتۆمەتی فرۆشتنی چەکوچۆڵ بە رێژیمی ئێران دەسبەسەر کردووە.
رادیۆ ئاڵمان بڵاوی کردەوە، ئەو هاووڵاتییە ئیسراییلییە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕ دەسبەسەر کراوە و ئەگەری ئەوە لە ئارا دایە کە رادەستی ئەمریکا بکرێت.
ئێلی کۆهن لە کاتی گەڕانەوە لە ئیسراییلەوە بۆ بریتانیا لە فڕۆکەخانەی بن‌گوریون بە فەرمانی دادگایەکی ئورشەلیم دەسبەسەر کراوە.
لێپرسراوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو هاووڵاتییەیان بە فرۆشتنی نایاسایی کەڵوپەلی فڕۆکە لە ساڵەکانی ٢٠٠٢ هەتا ٢٠٠٤ و هەروەها نێوان ساڵەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ تاوانبار کردووە.
لێپرسراوانی ئیسراییلی لەو پێوەندییەدا رایانگەیاندووە: کۆهن پێشتریش بە تۆمەتی هەناردەی نایاسایی کەلوپەلی نیزامی بۆ رێژیمی ئێران، مەحکووم کرابوو.