کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیلام هەژارترین پارێزگای ئێرانە

19:59 - 28 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: پارێزگای ئیلام لەنێو ٣٢ پارێزگای ئێراندا هەژارترین پارێزگایە و هیچ کەس و لایەنێک ئاوڕی لێ ناداتەوە.
هەواڵدەریی مێهر لە زاری نوێنەری خەڵکی دەڕە شار، دێهلۆڕان و ئابدانان بڵاوی کردەوە، پارێزگای ئیلام وەکوو هەژارترین و بەشخوراوترین پارێزگای ئێران، تووشی کێشەگەلێکی فراوان بووە و هیچ کەس و لایەنێک گرینگی بەو پارێزگایە نادات.
پارێزگای ئیلام لەباری پێشکەوتنیشەوە لە بنەوەی خشتەی تێکڕای پارێزگاکان دایە و سەرەڕای هەژار و بەشخواراوی، پلەی یەکەمیشی لە کۆچبەریدا هەیە.
ئەمە لە کاتێک دایە کە کێشەی بێکاری لەو پارێزگایەدا بووەتە گرفتی چارەسەرنەکراو و ئەوەش هۆکاری سەرەکیی کۆچکردنی دانیشتوانی ئەو پارێزگایە بۆ پارێزگاکانی دیکەی ئێران و وڵاتانی جیران دایە.
پارێزگای ئیلام لە بەشی نەوت و سەرچاوە سروشتییەکانی دیکەدا سەرمایەگوزاریی تێدا کراوە، بەڵام ئەو سەرمایەیە لەو پارێزگایەدا خەرج ناکرێ و بۆ پارێزگا فارس‌نشینەکانی ئێران رەوانە دەکرێ.
لە هەمان کاتدا لە پاڵاوگەکانی نەوت و گاز و باقی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، هەڵکەوتوو لە پارێزگای ئیلام، لە هێزی مرۆیی پارێزگا فارس‌نشینەکان کەڵک وەردەگرن، لە حاڵێکدا کە هێزی مرۆیی پسپۆر و شارەزای بوومی لە پارێزگای ئیلامدا بوونی هەیە و بەهۆی بێکاری، بەناچار روو پارێزگاکانی دیکەی ئێران دەکەن.