کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەعلوون: بارودۆخی ئێستا بەجۆرێک شەڕی جیهانیی سێهەمە

14:53 - 8 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: مووشە یەعلوون، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە؛ ئەو قۆناغەی ئێمە تێیدا دەژین، بەجۆرێک، شەڕی جیهانیی سێهەمە.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و ئەو شەڕەش بووەتە هۆی ئەوەیکە میلیۆنان کەس ئاوارە بن و ئورووپاش خراوەتە ژێڕ کاریگەریی ئەو شەڕە، کە ئەوەش بۆ خۆی بەجۆرێک، شەڕی جیهانیی سێهەمە.

ناوبراو هەروەها گوتویەتی؛ لە ڕابردووش‌دا شەڕێ جیهانیی هەبووە، بەڵام بارودۆخی ئێستای ناوچەکە بەجۆرێک، شەڕی نوێی جیهانییە.

یەعلوون لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە؛ سووریه بووەتە گۆڕەپانی تێکهەڵچوونی زلهێزەکان و گرووپە تیرۆریستییەکان و لەو بارەیەوە پێشتریش وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆستدا، سەبارەت بە مەبەستەکانی ڕێژیمی ئێران هۆشداریی دابوو.

ماوەیەک لەمەوبەر ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆست، لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمنیەتیی ئیسرائیلەوە بڵاوی کردبووەوە کە؛ یەکەیەکی سەربازیی سپای قودسی پاسداران بۆ یارمەتی‌دان بە بەشار ئەسەد ڕەوانەی ئەو وڵاتە کراون.

وڵاتی ئیسرائیل بەردەوام لەمەر دەستێوردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا و هەروەها پشتیوانیی ئەو ڕێژیمە لە گرووپە تیرۆریستییەکان هۆشداریی داوە و ئەو ڕێژیمە بە مەترسییەک بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە وەسف دەکات.