کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکرات بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ سمینارێکی بەڕێوە برد

15:43 - 12 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ٢٥مین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سمینارێکی بەڕێوە برد.
ماڵپەڕی خوێندکار ــ زمانحاڵی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١١ پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، سمینارێکی بەبۆنەی ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو بۆ \'\'ئیدریس ئەحمەدی\'\' مامۆستای زانستگای ستۆکهۆڵم، بەڕێوەچوو.

ئەو سمینارە بە راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای ئازادیی کوردستان دەستی پێکرد و دواتر دوکتور ئیدریس ئەحمەدی باسێکی لەبارەی \'\'ستراتیژیی دوکتور قاسملوو بۆ حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کوردستان\'\' پێشکەش کرد.

ئەحمەدی بە پێناسەیەک لە ستراتیژی و تایبەتمەندییەکانی ئەو دەستەواژەیە دەستی پێکرد و پاشان ستراتیژیی حیزبی دێموکراتی لە سەردەمی رێبەریی دوکتور قاسملوو و حوزووری دوکتور قاسملوو لە داڕشتنەوەی ستراتیژیی تازە بۆ حیزبی دێموکرات، شی کردەوە.

ناوبراو لەو سمینارەدا لەسەر رۆڵ و کاریگەریی دوکتور قاسملوو لە بزووتنەوەی کوردستان و بڕوای پتەو و شێلگیری ئەو رێبەرە ناوازەیە بە کاری بەکۆمەڵ و رێبەریی جەمعی بۆ بەشداران قسەی کرد.

ئەحمەدی، دوکتور قاسمووی بە رێبەرێکی ستراتیژیست وەسف کرد کە بە هزری ریالیستیی خۆی لە هەوڵی راکێشانی بیروڕای گشتی بۆ لای پرسی کورد و ئاشناکردنیان لەگەڵ ئاخێوی بزووتنەوەی کوردستان و هەروەها پاڵپشتیی لەو بزووتنەوەیەدا بوو و وتیشی، ئەو رێبەرە ستراتیژیستە لە نووسینەوەی ئامانجەکانی و هەوڵدان بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە، روانینێکی بەرز و ئامانجگەلێکی درێژ ماوەی هەبوو.

دوابەدوای کۆتاییهاتنی وتەکانی دوکتور ئیدریس ئەحمەدی، یەکیەتیی خوێندکاران بەگوێرەی نەرەیتی ساڵانەی خۆی، لەوحی رێزلێنانی \'\'قاسملوو\'\'ی کە هەموو ساڵێک لەلایەن ئەو یەکیەتییەوە دەدرێ، پێشکەش بە رێبوارانی راستەقینەی قاسملوو کرد.

سۆفی مەحموود ئاقایی، دەروێش ساڵح کەریمیان، فەیزوڵڵا رۆحانی، مەلا قاسم کەڵەشی و مام وەلی قارەمانی ناوی ئەو کەسانەیە کە لەوحی رێزلێنانی قاسملوویان لەلایەن یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتەوە پێشکەش کرا.

پاشان ٣ ئەندامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەناوەکانی \'\'نیشتمان رۆحانی، ئەوین مستەفا زادە و ئەژین بەهرامی\'\' کە ئەمساڵ بە نومرەی زۆرباش قۆناغی خوێندنی زانکۆیان تەواو کردبوو، لەوحی رێزلێنانی \'\'قاسملوو\'\'یان پێشکەش کرا.