کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ژنان: چەواشەکارییەکانی حەسەن رۆحانی و حوکمی سێداری رێحانە جەباری مەحکووم دەکەین

14:36 - 3 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەسەر دوایین قسەکانی رۆحانی و حوکمی لە سێدارە دانی رێحانە جەباری راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ئەو راگەیەنراوە کە نوسخەیەکی بە کوردستان میدیا گەیشتووە، بەم چەشنەیە:
رۆحانی: \'\'لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا جیاوازیی مەزهەبی ‌و رەگەزی نییە\'\'
حەسەن رۆحانی، سەرکۆماری ئێران لە ٢٦ی خاکەلێوە، لە سەفەرێکی بۆ پارێزگای سیستان و بەلووچستاندا، لە وتارێک روو لە خەڵکی ئەم پارێزگایە گوتی ئێمە هەموو پابەندی یاسای بنەڕەتی ئێرانین ‌و لە یاسای بنەڕەتیدا هیچ چەشنە جیاوازییەک لە نێوان شوێن‌کەوتوان، مەزهەبەکان ‌و بە وتەی ئەو \'\'ئەقوام\'\'دا نییە ‌و هەموو خەڵکی ئێران لەژێر سێبەری یاسای بنەڕەتیی ئێراندا لە مافی هاووڵاتی بوون وەک یەک بەهرەمەندن. هەروەها رۆحانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەلە ئێراندا هاووڵاتی پلە ٢ نییە ‌و بەپێی یاسای بنەڕەتی هیچ جیاوازییەکی مەزهەبی، رەگەزی ‌و قەومی نابینین. هەموو کەس لە مافی ئەمنییەت ‌و ئاسایش وەک یەک بەهرەمەندن ‌و لە ئێراندا شایستە سالاری حاکمە.
ئەم قسانەی رۆحانی لە حاڵێک دایە کە یاسای بنەڕەتیی ئێران لەسەر ئەساسی هەڵاواردنی مەزهەبی، رەگەزی ‌و ئیدۆلۆژیکی شوینیزم داڕێژراوە ‌و بە ئاشکرا، بوونی ئەهلی سوننە لە سیستمی دەسەڵاتداری بەڕێوەبەریی گشتی وڵاتدا بێ‌بەری کراوە. کۆماری ئیسلامی بە درێژایی دەسەڵاتی داسەپاوی بەسەر گەلانی ئێراندا لەسەر ئەساسی دژایەتی ‌و نکۆڵی کردنەوەی نەتەوەکانی بێجگە لە نەتەوەی فارس، بەتایبەتی نەتەوەی کورد بووە. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەموو کات بە چاوێکی ئەمنییەتی جیاواز لە نەتەوەکانی دیکە چاویان لە نەتەوەی کورد کردووە ‌و بە میلیتاریزەکردنی کوردستان ‌و رووبەڕووبوونەوەی ویستی نەتەوەخوازی ‌و ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان بە هێزی سەرکوت و کوشتن و لەناوبردنی ماف ‌و ئازادییەکانی گەلی کورد لە کوردستاندا، راوستاوە.
لە لایەکی دیکەشەوە حەسەن رۆحانی کاتێک باس لە نەبوونی جیاوازی لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا دەکات کە بەپێی ئەسڵی ١٢ لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا، دینی فەرمی ئێران ئیسلامە و مەزهەبی شیعەی \'\'ئەسنا عەشەری\'\' واتە ١٢ ئیمامی‏، مەزهەبی فەرمییە ‌و ئەو ئەسڵە هەمیشەیی‌یە ‌و بە هیچ جۆرێک قابیلی گۆڕان نییە. هەروەها لە ئەسڵی ١١٥دا زمانی فەرمیی گشت خەڵکی ئێران زمانی فارسییە. هەر لەم ئەسڵەدا هاتووە لە قوتابخانەکاندا لە تەنیشت زمانی فارسی زمانەکانی دیکە ئازادن. پرسیار ئەوەیە ئەو ٣٥ ساڵە کام لەم نەتەوانە رێگایان پێ دراوە بە زمانی خۆیان لە قوتابخانەکان بخوێنن؟ ئەوەی لە یاسای بنەڕەتیدا هاتووە تەنیا بۆ چەواشەکارییە و هیچی‌تر. هەروەها بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئێران پۆستە بەرزەکان وەک رێبەری ‌و سەرکۆماری بۆ شیعەی ئەسنا عەشەری تەرخان کراوە ‌و ئەهلی سوننە و مەزهەبەکانی دیکە لەم پۆستانە بێ‌بەری کراون. بەڵگەیەکی دیکە بۆ ناڕاستی قسەکانی حەسەن رۆحانی ‌و دەوڵەتی بەناو تەدبیر و ئومید راپۆرتی ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە کەلە ٢٢ی رەشەمەی ١٣٩٢ی هەتاویدا لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بڵاو کرایەوە. ئەحمەد شەهید لە بەشێک لە راپۆرتەکەیدا باس لە بوونی جیاوازیی رەگەزی ‌و مەزهەبی ‌و پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە نەتەوەکانی دیکە لە ئێراندا کردووە.
ئەوەی کەلە قسەکانی رۆحانیدا بۆ چالاکان ‌و رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان جێگای سەرنج بوو، ئەوە بوو کە ناوبراو باسی لە نەبوونی جیاوازی لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا دەکرد. ئەمە لە حاڵێک دایە کە بۆ هەموان روون ‌و ئاشکرایە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٣٥ ساڵ دەسەڵاتی سەرەڕۆی خۆیدا یاساکانی پڕ بوون لە هەڵاواردنی رەگەزی ‌و ژنانی ئێران زیاتر لە هەر توێژێکی دیکەی کۆمەڵگا بەهۆی یاساکانی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی توند‌وتیژی ‌و سووکایەتی بوونەتەوە، بەتایبەتی ژنانی نەتەوە بن دەستەکان وەک ژنانی کورد، جارێک بەهۆی ژن بوون ‌و کورد بوونیان جارێکی دیکە بە هۆی سوننی بوونیان چەند قات زیاتر لە ژنانی دیکەی ئێران چەوسێندراونەتەوە ‌و ماف ‌و ئازادییەکانیان پێشێل کراوە.
هەر بەپێی ئەو یاسایانەی کە ئاغای رۆحانی باس لە نەبوونی هەڵاواردنی رەگەزی دەکات کە بەپێی ئەسڵی ١١٥ی یاسای بنەڕەتی هیچکام لە ژنانی ئێرانی ناتوانن خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆماری بەربژێر بکەن. هەروەها لە ئەسڵی ٢ هاتووە حکوومەت ئەرکدارە مافەکانی ژنان لەهەموو بوارەکاندا بەپێی رچاوکردنی یاساکانی ئیسلام دابین بکات، ٥ خاڵی بۆدەست نیشان کردوون کە لە هیچکامیاندا مافە سیاسییەکانی ژنان نەگرێتەوە. هەروەها ژنان لە وەرگرتنی پۆستی دادوەری بێ‌بەری کراون.
کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی سیستماتیک و گەڵاڵە بۆ دارێژراو هەوڵ دەدات بە سیاسەتی دژە ژنی و بە کەڵک وەرگرتن لە ئایینی ئیسلام وەک ئامرازێک بەدژی ماف و ئازادییەکانی ژنان پەرە بە کولتووری دواکەوتوو و زاڵبوونی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا بدات و ژنان لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی پەراوێز بخات. رۆڵ و تواناکانی ژنان تەنیا لە چوارچێوەی خزمەتکردن لە بنەماڵەدا پێناسە بکات بۆ ئەم مەبەستەش چەندین گەڵاڵەی وەکوو زیادکردنی رێژەی حەشیمەت ‌و دابینکردنی حەقی دەرمانی بۆ ئەو ژنانەی کە بە سروشتی منداڵیان دەبێت ‌و هەروەها زیادکردنی مۆڵەتی زایمان ‌و کەمکردنەوەی ساعەتی کاری ژنانی شاغل بە مەبەستی پەراوێزخستنی ژنان لە بەڕێوەبەریی وڵات ‌و بەرهەمهێناندا و تەفکیکی جینسییەتی لە زانکۆکان ‌و بێ‌بەشکردنی خوێندکارانی کچ لە هێندێک بواری خوێندنی زانستی ‌و پزشکی. پەسندکردن ‌و بە یاسایی کردنی ئەم گەڵاڵانە لە رەواڵەتدا بە قازانجی ژنانە بەڵام راستییەکەی ئەوەیە مەبەستی سەرەکی، گەڕاندنەوەی ژنانە بۆ نێو چوارچێوەی بنەماڵە.
بە گشتی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پڕن لە هەڵاواردنی رەگەزی ‌و لەگەڵ هیچ کام لە پێوەرە نێونەتەوەیی ‌و مرۆیی‌یەکانی دونیای ئەمڕۆدا ناگونجێ‌‌و مەحکوومە. دوایین نموونەی پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە ژنان حوکمی ئێعدامی رێحانە جەباری، کچێکی تەمەن ٢٧ ساڵە کە بە تاوانی بەرگری کردن لە نامووس ‌و کەرامەتی خۆیی لە دەست درێژی جینسیی پیاوێک بەناوی مورتەزا، کەلە تەمەنی ١٩ ساڵیدا تووشی ئەم قەتڵە دەبێت. ئەمە لە حاڵێک دایە کە لە یاسای گشتیی وڵاتانی پێشکەوتوودا ئەگەر کەسێک بیهەوێت دەستدرێژی بەکاتە سەر کەسێکی‌تر ئەو کەسە حەقی رەوای خۆیەتی کە بەرگری مەشرووع لە خۆی بکات جا بە هەر شێوەیەک بێت.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکووم کردنی حوکمی لە سێدارەدانی رێحانە جەباری ‌و چەواشەکارییەکانی حەسەن رۆحانی ‌و کاربەدەستانی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ مانەوە ‌و درێژەدان بە دەسەڵاتی دژە ژنی ئەم رێژیمە، مەحکووم دەکات لە هەمان کاتدا داواکارین لە چالاکانی بواری ژنان ‌و مافەکانی مرۆڤ و بە گشتی کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤ دۆستەکان کە چی دیکە لەمەڕ سیاسەتی لەناوبردن ‌و کوشتنی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە ژنانی ئێران بێدەنگ نەبن و لە بەرانبەر ئەم هەڵاواردن ‌و پێشێلکارییانەدا هەڵوێستیان هەبێت.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی
٢ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی