کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی کورد، ئازەری و ئەرمەنی بۆ رزگاریی گۆلی ئورمیە

16:56 - 7 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: ئەنستیتۆی کورمانج لە زانستگاکانی ئورمیە، لە بانگەوازێکدا خوازیاری بەشداریی هاووڵاتییان لە خۆپیشاندانی رۆژی پێنجشەممە لە بەردەم ئوستانداریی ئەو شارە دایە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بڕیارە سبەی پێنجشەممە رێکەوتی ٨ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەسەر بانگەوازی ئەنستیتۆی کورمانج لە زانستگاکانی ئورمیە، خەڵک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە پێوەندی لەگەڵ چارەنووسی گۆلی ئورمیە، لەبەر دەم ئوستانداریی ئەو شارە هەڵکەوتوو لە فەلەکەی ئەیالەت کۆببنەوە.

ئەو حەرەکەتە ئیعترازییە لە کاتێکدا هەوڵی بۆ دەدرێ کە پێشتر گەلێک ناڕەزایەتی لە هەمبەر کەمتەرخەمییەکانی رێژیم لە بەرانبەر گۆلی ورمێ دەربڕدرابوو.

بەشداریی هەرچی زیاتری خەڵک لەو ناڕەزایەتییەدا و بەتایبەت یەکگرتوویی هاونیشتمانییانی کورد، ئازەری و ئەرمەنی، دەتوانێ مانا و شوێندانەریی تایبەتیی خۆی هەبێ.

دەقی بانگەوازی ئەنستیتۆی کورمانج کە نوسخەیەکی بە کوردستان میدیا گەیشتووە، بەم چەشنەیە:

خەڵکی بوێری ئورمیە!
گەلی ئازەری زمان!
گەلی کورد زمان!
ئەرمەنییە خۆشەویستەکان!
توێژە رەسەنەکانی ئەم سنوورە!

هەر وەک دەزانین لەم چەند رۆژەی رابردوودا گۆلی ئورمیە بە تەواوەتی رووی لە فەوتان کردووە، فەوتانێک لە ئەو گۆلە هەنگاوێک لە زونگاو نزیکتر دەکاتەوە، هەنووکە پێویستە تێکڕای گەلانی دانیشتووی شاری ئورمیە لە ئازەری و کوردەوە بگرە هەتا نەتەوەی ئەرمەنی، پێکەوە دەست لەناو دەستی یەک ژینگەی شارەکەمان بگەڕینینەوە هەتا ناوچەکە و ژیانی هاووڵاتییان لە شارەکانی تەوریز، سنە و ئەردەبیل تووشی مەترسی نەبێت.

دەمانهەوێ رێچکەیەک بگرینە بەر کە ستارخان و باقرخان و کورد و ئەرمەنییەکان لە دێرین زەمانەوە هەنگاویان تێدا ناوە. وەرن بە یەکیەتیی خۆمان، دەست لە چاوی دوژمنان بکەین و ژینگەی پاقژی شارەکەمان رزگار کەین.

پێویستە شارەێک کە سیمبولی ئاشتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی کورد و ئازەری و ئەرمەنییەکانە، دەستی یەکگرتوویی بکاتە کەوچنگێک دژی دوژمنانی نەتەوەکانی ئورمیە و ئیزنی هیچ مەترسییەک بۆسەر ژیانیان نەدەن.

وەرن رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٨ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی لە بەردەم ئوستانداریی ئورمیە هەڵکەوتوو لە فەلەکەی ئەیالەت، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەرپا بکەین. خوازیاری ئەوەین کە رێژیمی ئێران هەوڵێکی خێرا لەمەڕ چارەسەریی ئەم گرفتە گەورەیە بدات.

کورد، ئازەری و ئەرمەنی مەحکووم بە پێکەوە ژیانن، نابێ ئیزن بە دوژمنان بدری بە گژی یەکماندا بدەن و بە سیاسەتەکانیان ژیانی هاووڵاتییان پێنج پارێزگای رۆژئاوای ئێران بخەنە مەترسییەوە.

بژی ئازەری و کورد و ئەرمەنی
بژی ئورمیە و گۆلی ئورمیە
یاساشن ئورمیە، بژی ئورمیە، ویوا ئورمیا
ئەنستیتۆی کورمانج لە زانستگاکانی ئورمیە
دووشەممە رێکەوی ٦ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی
٢٦ی مەی ٢٠١٤