کوردستان میدیا: یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی شەهیدبوونی پۆلێک لە تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی پەیامێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانیانی ئازیز
کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان
هەروەک ئاگادارن، سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی بەرانبەر بە ٨ی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی، دەسەڵاتی کوردکوژ و داگیرکەری ئێران، جارێکی دیکە ڕقی پەنگخواردووی هەزاران ساڵەی خۆی بە سەر نەتەوەی مافخوازی کورد و ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی ئەم گەلەدا هەڵڕشت و بە هۆڤانییەت و دڕندایەتییەک کە هەر لە خۆیان دەوەشێتەوە، جارێکی دیکە خاکی پیرۆزی کوردستانیان بە خوێنی شەریفترین و ئازاترین ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان سوور کرد.
ڕێژیمی مرۆڤکوژی تاران کە ئێستا زیاتر لە هەمیشە، سیمای نگریس و ناخی قیزەونی وەکوو تاقمێکی کاولکەر و دژە شارستانیەت و بەڵایەک بۆ گیانی مرۆڤایەتی و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ناسراوە، لە لایەکەوە لە زیندانی ڕەجایی شەهری کەرەج، سێ چالاکی سیاسیی کوردی بە شێوەی دڕندانەی باوی خۆی لە سێدارە دا و لە لایەکی دیکەوە، لە هێرشێکی مووشەکی و ئاسمانیی ترسنۆکانەدا کەمپی بنەماڵەکان و بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادیی کوردستانی کردە ئامانج و لە سەرەمەرگ و بەرەبەری ڕووخانیی یەکجاریی خۆیدا، بۆ جارێکی دیکە سەلماندی کە ترس و دڵەراوکێی لە نەتەوەی کورد و ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی لە سەرەوەی هەموو نیگەرانی و دڵەراوکێکانی داناوە و بە هەموو هۆڤانییەت و توانای کاولکاری و خوێنڕشتنیەوە دەیهەوێ لە ئێستاوە تۆڵەی ڕووخان و دواڕۆژی ڕەشی خۆی لە نەتەوەی کورد بکاتەوە.
لە هێرشەکەی دوێنێی کوردکوژانی تاراندا، دەیان ڕۆڵەی تێکۆشەر و ئازا و پێگەیشتووی نەتەوەکەمان و لە نێویاندا چەندین ژن و منداڵ شەهید و بریندار بوون کە لە ڕیزی ئەواندا دەتوانین ئاماژە بە ناوی هاوڕێی پێشمەرگە و ئەندامی بەوەجی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەهید فارووق حەسەن خەیات بکەین کە وەکوو ئەندامێکی کارا و دڵسۆز، وێڕای بەشداریی چالاکانە لە ئەرکە حیزبییەکانیدا وەکوو مامۆستای فێرگەی دێموکرات، شانی دابووە بەر ڕاپەڕاندنی ئەرکی ڕێکخراوەیی لە یەکیەتیی خوێندکاراندا و ماندوویی نەناسانە لەو بوارەشدا تێدەکۆشا.
شەهیدبوونی ئەو پۆلە تێکۆشەرە کە سەر بە چەند حیزب و ڕێکخراوی جیاجیای کوردستانی ڕۆژهەڵات بوون، پێمان دەڵێ کە ئێمەی کورد چەندەش پەرتەوازە بین و بە هەموو کەلێن و ناکۆکییەکانی نێوانمانەوە، لە ڕوانگەی دوژمنانەوە هەر یەک تاوانمان هەیە کە کوردبوون و پێداگری لە سەر کوردستانی بوونمانە و یەک سزاشمان بۆ دیاری کراوە کە ئەویش ژینۆساید و کوشتن و ماڵوێرانییە.
لە بەرانبەر ئەو هەموو لێبڕاوییەی داگیرکەراندا بۆ دژایەتیکردن و ژینۆسایدی نەتەوەی کورد، ئێمەش دەبێ لێبڕاوانە و زیاتر لە هەمیشە، بەو قەناعەتە بگەین کە یەکخستنی ڕیزەکان و وە سەر یەکخستنی تواناکانمان، باشترین شێوازی ڕێزگرتن و پاراستنی حورمەتی ئەو خوێنە بە ناهەق ڕژاوانە و باشترین میکانیزمی تۆقاندن و ئامادەکاری بۆ ڕاماڵێنی داگیرکەر تا ئەو پەڕی سنوورەکانی کوردستانێکی ئازاد و بەختەوەرە کە لەوێدا چیدی گیان و ماڵ و کەرامەت و ژینگە و سەروەریی خاک و تاکی کورد پێشێل نەکرێت.
ئێمە لە ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، پێمان وایە کە پێویستە فەرهەنگی تۆڵە لە ناخ و ویژدانی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگاکەماندا جێگیر بکرێت و ئەم فەرهەنگە تا دابینکردنی هەموو مافەکانمان و ڕاماڵینی یەکجاریی داگیرکەر لە خاکە پیرۆزەکەمان، ڕێنوێنی تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی تاک بە تاکی نەتەوەکەمان بێت.
هەروەها باوەڕمان وایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەگەر تۆزقاڵێک پابەندی دروشم و ڕێسا مۆدێرن و مرۆڤتەوەرانەکانی خۆی بێت و تەنانەت ئەگەر ئازادی و بەختەوەریی مرۆڤ لە وڵاتەکانی خۆیانیشدا بۆیان گرینگە، نابێ چیدی لە بەرانبەر پەلهاوێشتنی دڕندایەتیی و دەستدرێژییەکانی ڕێژیمی مرۆڤکوژی ئێران و خولقاندنی تاوان و ژینۆساید دەرهەق بە نەتەوەی مافخوازی کورد بێ هەڵوێست بێت.
لە کۆتاییدا وێڕای دەربڕینی پەیمانی وەفا و ئەمەگناسی بۆ دوایین شەهیدانی سوورخەڵاتی ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەکەمان، هیوا دەخوازین بریندارانی ئەو هێرشە دڕندانەیەش هەرچی زووتر برینەکانیان سارێژ بێتەوە و بە تەندروستی بگەڕێنەوە سەر کار و ژیانی ئاسایی خۆیان.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان
شەرم و ڕیسوایی بۆ خۆفرۆشان و داردەستەکانی داگیرکەر
بڕووخێ ڕێژیمی کوردکوژی کۆماری ئیسلامیی ئێران
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٨ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی
٩ی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی