کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتییەکانی ژنان و لاوانی دێموکرات بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی شاری ئامەد کرد

00:56 - 19 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: دوو شاندی یەکیەتیی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری ئامەد لە کوردستانی باکوور، لە خۆپیشاندانی پشتتیوانیی کوردانی ئەو شارە لە خەڵکی مەهاباد، بەشدارییان کرد.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'رۆژین بەهرامی\'\' ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی و شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'فواد خاکی‌بەیگی\'\' پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی رێکەوتی ١٨ی بانەمەڕ، لە خۆپیشاندانێکدا کەلە شاری ئامەد بەڕێوەچوو، بەشدارییان کرد.

ئەو خۆپیشاندانە لە گۆڕەپانی ناوەندیی شاری ئامەد بە مەبەستی پشتیوانیی خەڵکی شاری مەهاباد و ناڕازایەتی لەهەمبەر مەرگی گوماناوایی فەریناز خوسرەوانی لەلایەن پارتی ئازادیی کوردستانی باکوورەوە رێکخرابوو.

لەو خۆپیشاندانەدا دروشمی بژی \'\'ئازادیی کوردستانی رۆژهەڵات\'\' لەلایەن بەشدارانەوە وتراوەتەوە و سیاسەتەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران مەحکووم کراوە.

هەروەها یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو خۆپیشاندانەدا بەشدار بوون.

پێشتریش هەر لەو رۆژەدا یەکیەتیی ژنان لە خۆپیشاندانێکی دیکەدا کە لەلایەن ژنان و پیاوانی شاری ئامەدەوە رێکخرابوو، بەشداریی کرد.

لەو رێپێوانەدا کەلە شەقامی \'\'ئازێ جێ پلازا\'\'ی ئامەد بەڕێوەچوو، زیاتر لە ٥٠٠ کەس بەشدار بوون و گوڵتان کشاناک، سەرۆکی شارەوانیی ئامەد پەیامێکی بۆ پشتیوانیی خەڵکی ناڕازیی شاری مەهاباد خوێندووەتەوە.

رێپێوانی خەڵکی شاری ئامەد ماوەی ٤٥ خولەک درێژەی بووە و بەشداران بە نێشانەی هاودەردی لەگەڵ خەڵکی شاری مەهاباد، دوو خولەک لەسەر ئەژنۆ دانیشتن.