کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەمین چەخماخەی پێشوازی لە ٢٦ی سەرماوەزی ئەمساڵ لە دزەی مەڕگەوەر لێدرا

15:42 - 12 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: یەکەمین چالاکی تەبلیغاتی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی پێشوازی لە ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە شارۆچکەی دزەی مەڕگەوەر بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ شەوی ١٠ لەسەر ١١ی سەرماوەز، ئەندامان و لایەنگرانی ڕاستەقینەی ڕێبازی قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی، لە شارەدێی دزەی مەرگەوەر، بە بەڕێوەبردنی چالاکی بەرینی تەبلیغاتی، پێشوازییان لە ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان کرد.

لەم چالاکییەدا ئەندامان و لایەنگرانی وەفاداری حیزبی دێموکرات بە نووسینی درووشمی وەکوو بژی پێشمەرگە و بژی حدکا و ورەی پێشمەرگە ڕاسانی خەمڵاند و هەروەها ئێمە لاوانی شار ٢٦ی سەرماوەز لە لاوانی شاخ پیرۆز دەکەین، سەرەڕای پێشوازی لە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، لە شارەوە پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ شاخ نوێ کردەوە.

شایانی باسە کە ئەم چالاکییە لە گەڕەکەکانی خوێندنگای کچان لەسەر ڕێگەی فلکان، خوێندنگەی سەرەتایی سەروو، گەڕەکی گورستان و ڕێگەی ژاراوا، بەڕێوە چووە.