کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەكێك لەبەرپرسانی باڵوێزخانەی رێژیمی ئێران لەیەمەن رفێندرا

22:24 - 30 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: یەكێك لە كارمەندانی باڵوێزخانەی رێژیمی ئێران لەوڵاتی یەمەن لەلایەن گرووپێكی چەكدارەوە رفێندرا.

هەواڵدەریی روێتێرز بڵاوی كردەوە، رۆژی یەكشەممە رێكەوتی 30‌ی پووشپەڕ كارمەندێكی باڵوێزخانەی ئێران لە یەمەن، لەلایەن گرووپێكی چەكدارەوە لەشاری سەنعا رفێندرا.

یەمەن لە باشووری رۆژئاوای سعوودیە هەڵكەوتووە و بۆتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان گرووپەكانی ئەلقاعیدە، گرووپە چەكدارەكانی شیعەی دانیشتووی باكووری ئەو وڵاتە و هەروەها بزووتنەوەی جیاییخوازانەی باشووری یەمەن، لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی و لەونێوەشەدا رێژیمی ئێران دەستێوەردانی كاروباری ئەو وڵاتە دەكات.

لەو پێوەندییەدا جیرالد وایرستین باڵوێزی ئەمریكا لە یەمەن، رایگەیاندبوو، رێژیمی ئێران هاریكاریی گرووپە جیاییخوازەكانی یەمەن دەكات، و لەو رێگایەوە دەیهەوێ‌تەشەنەی زیاتر بخاتە نێو ئەم وڵاتە و ناوچە ستراتیژیكەكانی دەوروبەری گەرووی هورموز ناسەقامگیر بكات.
لەلایەكی دیكەوە لێپرسراوی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی یەمەن رایگەیاندبوو، رێژیمی ئێران مەشق و راهێنانی نیزامی بە چەكدارانی حوسی لەیەمەن دەكات.

ئەو بەرپرسە وتبووشی: رێژیمی ئێران لە هەوڵی ئەوە دایە باشووری یەمەن بكاتە ناوچەیەكی ئاڵۆز بۆ تێكهەڵچوونی گرووپە چەكدارەكانی ئەو ناوچەیە.