کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێد ڕۆیس دژکردەوەی توندی سەبارەت بە تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیکی سپای پاسداران نیشان دا

21:56 - 20 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: ئێد ڕۆیس سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا، دژکردەوەی توندی سەبارەت بە تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیکی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران نیشان دا.

دوای تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیکی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و دژکردەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەبارەت بەو کردەوەیەی ڕێژیمی ئێران، ئێد ڕۆیس یەکێک لە نوێنەرانی پایەبەرزی کۆنگرەی ئامریکا هەڵوێستی توندی گرتە بەر.

ڕۆیس لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە: ئێران بەڵێنی ئۆباما، سەرکۆماری ئامریکای بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەڵسوکەوتی نەشیاو و مەترسیداری ئەو وڵاتەی بە سووک و کەم‌بایەخ گرتووە.

ئێد ڕۆیس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتوویەتی کە پێویستە ئۆباما خۆی نەبان نەکات و بە شێوەیەکی بەبڕشت، هەموو گەمارۆگانی کە پێوەندییان بە بەرنامەی مووشەکی، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و پشتیوانی لە تێرۆریزم هەیە، دژی ئێران پەسندی بکات.

هەروەها هیلاری کلینتۆن وەزیری پێشووی دەرەوەی ئامریکا نیسبەت بە تاقیکردنەوەی مووشەکیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران هەڵوێستی توندی گرتە بەر و داوای لە بەپرسانی ئامریکایی کرد گەمارۆی زیاتر دژ بە ئێران پەسند بکەن.

هەروەها مووشە یەعلوون وەزیری بەرگریی ئیسرائیل باسی لەوە کردووە کە بەداخەوە هەندێک لە ڕۆژئاوا بە قسە شیرینەکانی هەندێک لە ڕێبەرانی ئێران گۆمڕاە بوونە، لە کاتێکدا کە ڕێبەرانی دیکەیان کەرەستە و چەک‌وچۆڵ بۆ گرووپە تێرۆریستیەکان ئامادە دەکەن.

بەپێی بڕیارنامەی ١٩٢١ی شوورای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران مافی کەڵک وەرگرتن لە مووشەکی بالستیک کە توانایی هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکیی هەبێتی نیە و وڵاتانی دیکەش دەبێت لە فرۆشتنی کەلوپەلی نیزامی و پارچەکانی چەک‏وچۆڵ بە ئێران خۆ بپارێزن.