کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لەباری زۆر بوونی رووداوەکانی هاتوچۆوە لەنێو ١٠ وڵاتی یەکەمی جیهان دایە

21:10 - 4 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: پێگەی ئێران لەبواری رێژەی مەرگی هاووڵاتییان بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لە نێو وڵاتانی جیهاندا نالەبارە و لە ١٧٨ وڵاتی جیهاندا، پلەی ١٦٨ی هەیە.
هەواڵدەریی \'\'ئیلینا\'\' لە زاری بەرپرسی ئورژانسی ئێران، سەربە وەزارەتی تەندروستی بڵاوی کردەوە، ساڵانە نزیکەی ٢٠ هەزار کەس بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە لە ئێراندا گیانیان لەدەست دەدەن.
بەر پرسی گشتیی ئورژانسی ئێران وتیشی: \'\'بەپێی ئامارەکان، لەهەر خولەکێکدا ٢ کەس و لەهەر رۆژێکدا نزیکەی ٥٠ کەس بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست دەدەن و نزیکەی ٥٠٠ هەتا ٦٠٠ کەسیش بریندار دەبن\'\'.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تندروستیی ئێران: \'\'رێژەی کوژراوان بەهۆی رووداوی هاوتوچۆ لە ئێراندا، لە ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق کە نزیکەی ٢١٣ هەزار کەس کوژران، زیاترە\'\'.
بە پێی ئامارەکان، ئێران لە بواری زۆریی رێژەی رووداوەکانی هاتوچۆ لەنێو ١٠ وڵاتی یەکەمی جیهان دایە.
هەنووکە نزیکەی ٢٥ هەزار کیلۆمیتر لە جادە سەرەکییەکانی ئێران و ٢٦ هەزار رێگای گوندەکان و جادە فەرعییەکانی ئێران، خاوەن ژێرخانێکی باش نین و هەڕەشە لە گیان و تەندروستیی هاووڵاتییان دەکەن.
پێشتریش، ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاوی کردبووەوە، رێژەی کوژراوان بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لە ١٩ ساڵی رابردووەوە بەردەوام زیادی کردووە و سێ هۆکار مرۆیی، رێگاوبانەکان و ئامێڕەکانی گواستنەوە، هۆکاری ئەو زیادبوونە لە ئێران دان و رووداوەکانی دەرەوەی شارەکان لەسەدا ٦١ی ژمارەی تێکڕای کوژراوانی رێگاکانی ئێران پێکدەهێنن.
ناستانداردیی و نائەمنیی جادەکان، کەمتەرخەمیی شۆفیرەکان و ناستانداردیی ماشینەکان، لە سەرەکیترین هۆکارەکانی رووداوی هاتوچۆ لە ئێران دێنە ئەژمار.