کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كەبوودوەند لە نامەیەكدا خوازیاری ئازاد كردنی زیندانییانی سیاسی، لە ئێران دایە

17:28 - 21 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: محەممەد سەدیق كەبوودوەند بەرپرسی دەستبەسەركراوی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان لە گرتووخانەی ئێوینەوە لە نامەیەكدا خوازیاری ئازاد كردنی رێبەرانی بزووتنەوەی سەوز و زیندانییانی سیاسی لە ئێران دایە.
نوسخەیەک لەو نامەیە بە ماڵپەڕی \'\'كوردستان میدیا\'\' گەیشتوو کە ئەمە دەقەکەیەتی:


زیاتر لە سێ ساڵ و نیوە کە \'\'میرحوسێن مووسەوی و مێهدی کەڕوبی\'\' رێبەرانی بزووتنەوەی سەوز بەبێ هیچ دادگایی کردن و مەحكووم بوونێک، لە ماڵەکانی خۆیاندا دەستبەسەرکراون و لە هەموو مافێکی یاسایی و مرۆیی بێبەری کراون، ئەوان هاوشێوەی زیندانییانی سیاسی لە سەرەتایی‌ترین مافەکانی خۆیان بێ بەشکراون و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، بە تایبەت پارێزەرانی مافی مرۆڤ، لە بارودۆخیان نیگەرانن.

من محەممەد سەدیق کەبوودوەند وەک پارێزەری مافی مرۆڤ کە منیش زیندانییەکی سیاسیم، نیگەرانی خۆم لە درێژەی دەستبەسەربوونی نایاسایی بەڕێزان \'\'مووسەوی و کەڕوبی\'\' و هەروەها رێگرییەکان و هەڕەشە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان لە چالاکانی میانەڕەو دەردەبڕم و بە ناوی خۆم و رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە سەرکۆماری نوێ و لێپرسراوانی دەزگا قەزایی و ئەمنییەتییەکان دەکەم کە کۆتایی بە دەستبەسەرکرانی رێبەرانی جووڵانەوەی سەوز و هەڕەشەکردن لە چالاکانی میانەڕەو بهێنرێت و کەش و هەوایەک بۆ ئازاد کردنی زیندانییانی سیاسی ــ مەزهەبی و هەروەها دابینکردنی کردنی مافی سیاسی و مەدەنی لە ئێران و رێز گرتن لە مافی مرۆڤ دابین بکرێت.

تاران/ زیندانی ئێوین

محەممەد سەدیق کەبوودوەند

گەلاوێژی ١٣٩٢‌ی هەتاوی