کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كەبوودوەند لەگرتووخانەی ئێوینەوە داوای لە\"دەوڵەت\"ی نوێ‌كرد رێز لەویستەكانی خەڵكی ئێران بگرێت

17:09 - 10 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: محەممەد سەدیق كەبوودوەند بەرپرسی دەستبەسەر كراوی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان لەنامەیەكدا داوای لەسەركۆماری تازەی رێژیمی ئێران کرد رێز لەویست و داواكارییەكانی خەڵكی بگرێت.

نوسخەیەك لەو نامەیە بەماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە.

دەقی نامەكە:

وێڕای رێزگرتن لەخەباتی مەدەنیی و ئاشتیخوازانەی خەڵكی ئێران بە مەبەستی بەدوادا چوون و بەدەست هێنانی ویستەكانیان، هاوڕێیەتی و هاودەنگی خۆم دەخەمە پاڵ ئەو دەنگانەی كە بۆ مافەكانیان خەبات دەكەن و بەشێوەیەكی جیدی خەباتێكی رەوایان بۆ بەدەستهێنانی سەرجەم مافەكانیان گرتۆتە بەر.
بەداخەوە خەڵكی ئێران ئەمڕۆكە لەگەڵ كۆمەڵێك كێشە و ئاستەنگی سیاسیی و مەدەنیی، سەركوتی ئازادی، پێشێل كردنی مافی مرۆڤ، دەستێوەردانی لەرادەبەدەری حكوومەت لەكاروباری شەخسی و عەقیدەتیان بەرەوڕوون و هەروەها نادادپەروەری و كێشەی ئابووری و هەڵاوسان و گرانی، هەژاری و بێكاری، لەش فرۆشی و ئێعتیاد و سەدان كێشەی دیكە بەرۆكی گرتوونەتەوە.

من محەممەد سەدیق كەبوودەوەند وێڕای دەربڕینی داخ و كەسەرە لەو دۆخە لە ئێراندا و دەربڕینی نیگەرانی لە بەردەوامی كێشە و قەیرانە سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و ئابوورییەكان و ئاسەوارە خەسارهەڵگرەكانی بۆ سەر ژیانی خەڵكی، وەكوو دەستبەسەركراوێكی بەرگری لە مافی مرۆڤ و بەناوی رێكخراوی بەرگریی لە مافی مرۆڤی كوردستان داوا لە دەوڵەتی نوێی روحانی دەكەم، رێز لەئیرادە و ویستەكانی خەڵكی ئێران بە مەبەستی گۆڕینی دۆخی هەنووكەیی بگرێت و رێفۆرمێكی بنەڕەتی دروست بكات و كۆتایی بە سەركوتی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەكان بهێنێت و خەڵكی لە هەژاری و بێ‌دەرەتانی رزگار بكات.

تاران، گرتووخانەی ئێوین

محەممەد سەدیق كەبوودوەند

گەلاوێژی ١٣٩٢‌ی هەتاوی