کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦ كەس لەهێزەكانی سپای پاسدارانی رێژیم لەناوچەی كامیاران كوژراو و بریندار بوون

15:38 - 22 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: شەش كەس لەهێزەكانی سپای پاسدارنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەناوچەی كامیارن لەنزیک چیای شاهۆ بە هۆی تەقینەوەی مین كوژراو و بریندار بوون.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێكەوتی ٢١ی گەلاوێژ چوار فەرماندەی هێزی سپای پاسدارنی رێژیم بە هۆی كەوتنە سەر مینە چێنراوەكانی رێژیمی ئێران لەناوچەی كامیاران كوژران و دووی دیكەش بە توندی بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوە هەواڵدەرییەکانی سەر بە رێژیمی ئێران هەواڵی کوژران و بریندار بوونی ٥ کەسیان بڵاو کردۆتەوە و خۆیان لەدانی هەواڵی راست و دروست بواردووە.
لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی فارس بڵاوی كردۆتەوە، یەكێك لەكوژراوەكان ناوی ئەحمەدییە و خەڵكی ئاوایی بەهارلووی قوروەیە.
بەپێی زانیارییەكان ٦ میلیۆن هێكتار لە خاكی ئێران بە مین چێنراوە و بەپێی دوایین ئامارەكان سەرجەم ١٦ میلیۆن مین لە سەرانسەری ئێراندا بوونی هەیە و چوار پارێزگای ئیلام، كرماشان، كوردستان و ورمێ‌بەهۆی روانینی ئەمنیەتی و سنووریی بوون زیاترین رێژەی مینی چێنراویان هەیە.
ئەو چوار پارێزگایە بەپێی ئەو بارودۆخەی كە باس كرا زیاترین رووداوی مینیش تێیدا روو دەدات و زۆربەی قوربانییانی مین لەگوندەكان بوونە كە بەدوای بژیوی ژیان كەوتوون و زۆربەشیان غەیرە نیزامی و بەتایبەت منداڵان، شوان و كرێكار و وەرزێڕان بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مینە چێنراوەكان كە پاشماوەی شەڕی رێژیمی ئێران ــ عێراقن.
زەوی و زار و خاكی شارە سنوورییەكانی كوردستانی ئێران وەك: مێهران، دێهلۆڕان، قەسر شیرین، نەفت شار، سۆمار، جوانڕۆ، گیلانغەرب، پاوە، مەریوان، بانە، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ و بەشێك لە ورمێ‌، بە رووبەری ٤ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هێكتار بە مین ئالوودەن و زیاترین روودا و قوربانییان لێ دەكەوێتەوە.