کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەسکەندەر جەعفەری: ڕێژیمی ئێران بە ناوەندی دەنگ و ڕەنگی خۆی، لە ئاستی جیهانیدا خەریکی چەواشەکاریی ڕای گشتییە

11:43 - 5 پووشپەڕ 2720

وتووێژ: بێهزاد قادری

کۆماریخوازەکانی ئامریکا لە گەڵاڵەی نوێی خۆیان بۆ کۆنگرەی ئەم وڵاتە، داوای دانانی یاسایەکیان لە کۆنگرەدا کردووە کە بەهۆیەوە گەمارۆ بخرێتە سەر دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران.

گەمارۆ خستنە سەر دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەلایەن ئامریکاوە، چ کاریگەرییەک لەسەر ئەم ناوەندە دادەنێت؟ ئەو کەسانەی کە وەکوو ڕاگەیاندنکار لە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران کار دەکەن، چ کەسانێکن؟

بۆ باسکردن لەسەر ئەم بابەتە وتووێژێکمان لەگەڵ "ئەسکەندەر جەعفەری"، ڕۆژنامەوان و میدیاکار، پێک هێناوە کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:

- گەمارۆ خستنە سەر دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەلایەن ئامریکاوە، چ کاریگەرییەک لەسەر ئەم ناوەندە دادەنێت؟

داوای دانانی یاسایەک بۆ گەمارۆدانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی تاران لە کۆنگرەی ئامریکا لەلایەن کۆماریخوازەکانەوە، دەکرێت درێژەی سیاسەتەکانی ترامپ و کابینەکەی دژ بە ڕێژیم بێت. جگە لە بواری چەکوچۆڵ کە ئامریکا و هاوپەیمانەکانیان دەیانهەوێت بە هیچ شێوەیەک چەکوچۆڵ بە ئێران نەفرۆشرێت، ئەم جارەش مژاری سزادانی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی دێتە بەر باس. پێم وایە ئیدی ڕێژیمی ئێران پشتڕاست بووە کە پەخشی کاناڵەکانی سەر بە ڕێژیم لە سەتەلایت ڕادەگیرێت. بۆیەش ڕێژیم پێشوەخت دەستبەکار بووە و بە مەبەستی چەواشەکردنی ڕای گشتی، ڕادەگەیەنێت کە گوایە گرفتی ئابوورییان بۆ هاتووەتە پێش و دەیانهەوێت پازدە کاناڵی سەتەلایتی خۆیان دابخەن کە بە زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی و ئسپانیایین. ڕێژیم دەیهەوێت پێشدەستی بکات و بە داخستنی ئەو کاناڵانە، ڕێگە لە گەمارۆدانی کاناڵەکان بگرێت. ئەگەرنا بۆ ڕێژیمێک کە تا سەر ئێسقان باوەڕی بە "هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی" هەیە، هیچ کاتێک باسی ئابووری نابێتە هۆکار تا دەست لە هەوڵەکانیان بۆ دامەزراندنی ئیمپڕاتوریی شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەڵگرن. ئەگەر ئابووریی تێکشکاو هۆکار بایەت، ئەوەتا لە یەمەن، سووریە، لوبنان، فەلستین و ئافریقا، دەستی لە یارمەتیدانی گرووپە تێرۆریستییەکان هەڵدەگرت. بەڵام لە حاڵەتی گشتیدا ئەگەر گەمارۆکان پەسەند بکرێن و ڕێژیم تا ئەو کاتە کاناڵەکانی دانەخستبێت، ئەوە ڕسواییەکی دیکەیە بۆ ڕێژیم و ئیتر ڕێژیم ناتوانێت وەک پێشووتر، سیاسەتەکانی خۆی بە زمانە بیانییەکان پەرە پێ بدات.

- هۆکاری ئەم داواکارییەی کۆماریخوازەکانی ئامریکا بۆ گەمارۆ خستنە سەر دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران چییە؟

بەگشتی، ئەو سیاسەتانەی کە لەلایەن کۆماریخوازەکانەوە دژ بە هەر ئۆرگانێکی ڕێژیمی ئێران دەگیرێتە بەر، لەلایەن ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکەوە پێشوازییان لێ دەکرێت. باسی ئۆپۆزیسیۆنی جەعلی ناکەم کە لە هەر شوێنێک بۆی بکرێت، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ خزمەتی ڕێژیم دەکات. لێرەدا مەبەست ئەو هێزانەن کە دژ بە ڕێژیم چالاکن و نرخیشیان داوە. یەکەم جار کە بە شێوەی گەرمتر لە جاران باس لە مژاری گەمارۆدانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم کرا، دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو بوو کە تێیدا بە هەزاران کەس کوژران و بریندار کران. زستانی ڕابردوو بوو کە ڕۆژنامەی گاردیەنی لەندەن نووسیی ترامپ دەیهەوێت دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم سزا بدات و گەمارۆیان بخاتە سەر. هەر لەو کاتەدا بوو کە هەشتەگیش دروست کرا و ئەو چالاکوانانەی کە ئەم کارەیان پێ باش بوو، پشتگیریان لێ کرد و ڕایانگەیاند کە ئیدی لەمە بەدوا دەنگ و ڕەنگێک کە بە پارەی خەڵک دامەزراوە، ناتوانێت دژ بەم خەڵکە لە ئاستی جیهانیدا دەنگ هەڵێنێت. ڕاستە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٢٠١٣وە بەشێک لە گەمارۆکان دژ بە ئێران بوو. بەڵام بە هەڵپەساردنی ئەم بەشە لە گەمارۆکان هەم لەلایەن ئۆباماوە و هەم لەلایەن ترامپەوە، هێشتا مەجال بە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم دەدرا پەخشی جیهانیی هەبێت. دوای ئەم خۆپیشاندانانە و هەروەها بەردەوامبوونی ڕێژیم لە دەستێوەردانی کاروباری وڵاتان و هەروەها هێندێک چالاکیی نەهێنیی ئەتۆمی بوونە هۆکار بۆ ئەم ڕەشنووسەی کۆماریخوازەکان. ڕەنگە بوترێت بۆ دەبێ ئەمان ببنە هۆکار؟! وڵامەکە ئەمەیە کە ڕێژیم بەم ناوەندە، لە ئاستی جیهانیدا خەریکی چەواشەکاریی ڕای گشتییە.

- ڕۆڵی سەرەکیی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چییە؟ ئەوان تا چ ڕادەیەک دەنگ و ڕەنگی خەڵکانی ئێرانن؟

ڕۆڵی سەرەکیی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم، تەنیا پەرەپێدانی سیاسەتە فاشیستی و دژەئینسانییەکانی ڕێژیمی تارانە. ئەو ناوەندە تەنیا تا ئەو کاتە دەنگی خەڵک بڵاو دەکاتەوە کە هیچ زیانێکیان بۆ کۆی گشتیی ڕێژیم نەبێت. بۆ مژارێکی فەرهەنگی وەکوو کولتووری عەشیرەیەک، ئەو دەنگ و ڕەنگە زۆر چالاکانە و بێ ترس، ڕێپۆرتاژ دروست دەکات و هیچ کێشەیەک لەگەڵ سیاسەتەکانی گشتیی ڕێژیم نایەتە ئاراوە. بەڵام کاتێک ڕەخنە لە ناوەندێکی ڕێژیم بگیردرێت، ئەگەر تەنانەت بە هەڵەش ئەو کارە تێپەڕ ببێت، ناهێڵن لە کاتی دووبارە بڵاوبوونەوەی بەرنامەکەدا، ئەو بەشە بڵاو ببێتەوە. بۆ نموونە لەم ڕۆژانەدا بەرپرسێکی ئەرتش، ڕەخنەی لە سپای تێرۆریستیی پاسداران گرتبوو. ئەوە لە کاتی پەخشی ڕاستەوخۆدا بڵاو کرایەوە بەڵام کە بەرنامەکە دووبارە کرایەوە، ئەو بەشەیان لابرد. دەمهەوێت بڵێم ڕێژیم، بەبێ جیاوازی، دەستی بەسەر هەموو بەشەکانی ژیانی خەڵکدا گرتووە و ڕێگە نادات هیچ مژارێکی هەستیار، بەبێ ئیزنی لایەنی پێوەندیدار، لە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمدا تێپەڕ بێت.

- ئەو کەسانەی کە وەکوو ڕاگەیاندنکار لە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران کار دەکەن، چ کەسانێکن؟

هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، کاری میدیایی و ڕاگەیاندن وەک کاری تەناهیی لێ هاتووە. هەڵبەت پێشووتر لە سەردەمی ڕێژیمی پێشووشدا هەر بەم شێوەیە بوو، بەم جیاوازییە کە ئەو کەسانەی تەنیا بەرنامەی فەرهەنگییان بەرهەم دەهێنا، دەیانتوانی بەبێ ترس و بێ ئەوەی کە ئەندامی ڕێکخراوێکی ئەمنی بن، کار بکەن. بەڵام لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا، ئەگەر ڕێگە بە کەسێک بدرێت کە ئەم کارە بکات، هەوڵ دەدرێت بکرێتە ئەندامی ناوەندێکی ئەمنی و ئەگەرنا، لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە و دەدرێتە ئۆرگانێکی بێ کاریگەر. ئەگەر چوارچێوەی کاریی ئەم ڕێکخراوە چاو لێ بکەین، یەکێک لەم ڕێکخراوانەیە کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بڕیار لە دەفتەری عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم وەردەگرن. لە وەها ناوەندێکیشدا، زۆر بە دەگمەنیش ناتوانرێت کاری تەنانەت فەرهەنگیش بکرێت کە کارەکە دژ بە سیاسەتێکی گشتیی ڕێژیم بێت، ئەگەریش کرا، زوو کۆنترۆڵ دەکرێت و بکەرەکە سزا دەدرێت. لێرەدا باس لە ناوەندێک دەکرێت کە هەر کام لە ڕێپۆرتەرەکانیان دەتوانن ڕۆڵی ئەندامێکی وەزارەتی ئیتلاعات یان سپای پاسداران بگێڕن. بۆ نموونە بەم دواییە چەندین زیندانی لەوانە سپیدە قولیان، دوای ئەوەی کە ئازاد کرابوون، ئاشکرایان کرد کە ئەو کەسەی لێپرسینەوەیان لێ دەکرد، هەواڵنێری دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمە.

- کوالیتیی کاری میدیاکانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران لە چ ئاستێکدایە؟ ئایا میدیاگەلێکی پڕۆفیشناڵن؟

ئەگەر باسی ناوەڕۆک نەکەین و تەنیا باسی تکنیک بکەین، کواڵێتیی کاریی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم زۆر بەرزە. تەنانەت هێندێک ئاژانس و تێلێڤیزیۆنی گەورەی وەک بی‌بی‌سی لە هێندێک شێوازی تکنیکی ناگەنە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم. چونکە وەک دەزانرێت بەشێک لە بودجەی بی‌بی‌سی کەم کراوەتەوە و ئەمەش بێگومان کارتێکەریی کردووەتە سەر بواری تکنیکییەوە. لەم بوارەوە دەتوانین بڵێین پڕۆفێشناڵن. بەڵام ئەگەر باسی پڕۆفێشناڵ بە واتای ڕاستییەکەی بکەین، هیچ بەرنامەیەک کە لە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمدا بەرهەم دێت، ناتوانێت پڕۆفێشناڵ بێت. چونکە ناوەڕۆکەکە لە فیلتێرێکی گەورە تێپەڕ دەبێت و هیچ کام لە حەقیقەتەکان، ناتوانن خۆیان لە شاشەی تێلێڤیزیۆن نزیک بکەنەوە ئەگەر بە زیانی ڕێژیم بن. بۆ نموونە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم باسی کوژران و بریندارکرانی هەزاران خۆپیشاندەر لە ئێران ناکات کە داوای ئازادییان دەکرد. بەڵام وەک ئەوەی پێگەی ئانارشیستەکانی ئامریکا بێت، گرینگی دەداتە مژاری کوشتنی هاووڵاتییەکی ڕەشپێست لەم وڵاتە. خۆ ئینکار ناکرێت کە نژادپەرستی بەگشتی لە ڕۆژاوا هەیە. بەڵام ئەگەر دەنگ و ڕەنگ بیهەوێت لە بواری ناوەڕۆکەوە پڕۆفێشناڵ بێت، دەبێ وەک ئەو مژارانە، باسی کوژرانی کۆڵبەران، خۆپیشاندەران، گیران و حوکمدان بە ئامانجی سیاسی و هەروەها هەڵسوکەوتی نژادپەرستانە لەگەڵ پەناخوازانی ئەفغان بکات. ئەمەش بە هیچ شیوەیەک لەگەڵ جەوهەری کۆماری ئیسلامی و ناوەندەکانی ئەو سیستمە فاشیستی و ئیسلامیی شیعییە ناگونجێت، بۆیەش نابێ لە بواری ناوەڕۆکەوە چاوەڕوانیی پڕۆفێشناڵبوونمان لێیان هەبێت.

- دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران لەلای جیهانییان، ئێرانییەکان و خەڵکی کوردستان، چ جێگە و پێگەیەکی هەیە؟

هەمیشە ئەم ڕەخنەیە لە ئۆپۆزیسیۆن بەگشتی و بەتایبەت لە ئۆپۆزیسیۆنی کورد دەگیرێت کە بۆ چی ناتوانن ببنە سەرچاوە و جێگای ڕێژیم بگرنەوە. ئەو هۆکارەی کە ئەوان بۆ ئەوە دێننەوە ئەمەیە کە هێندێک لە ڕاگەیاندنە بیانییەکان، دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم دەکەنە سەرچاوە. لە وڵامدا دەبێ بوترێت کە زۆربەی وڵاتە ئورووپاییەکان، بەرژەوەندیی هاوبەشیان لەگەڵ ڕێژیم هەیە و بۆیەش نایانهەوێت بەرژەوەندییەکە تێک بدەن. دەمهەوێت بڵێم ئەمان، باوەڕیان بە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم نییە، بەڵام بەرژەوەندیی هاوبەش بووە هۆکار تا هێڵە سوورەکانی ڕێژیم تێپەڕ نەکەن. لە ئاستی نێوخۆشدا بەشێک لە خەڵکی ناوەندگەرا و ئەو کەسانە کە بە هیچ شێوەیەک باوەڕیان بە مافی نەتەوە زوڵم لێکراوەکان نییە، یان باوەڕیان بە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم هەیە، یانیش لە کۆتاییدا لە یەک خاڵدا لەگەڵ ڕێژیم، هاوفکرن، ئەویش پرسی نەتەوەکانە. لە ئاستی کوردستانیشدا دەزانین کە کوردەکان چل ساڵە ئەم ڕێژیمە بایکۆت دەکەن و نەتەنیا باوەڕیان بە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم نییە، بەڵکوو گرفتیان لەگەڵ تەواوییەتی ڕێژیمە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوەندگراکان پێیان وایە ڕێژیم، گۆڕانکاری هەڵدەگرێت. ڕاستە باسی ناوەندی دەنگ و ڕەنگ، نەدەبوو بکرایەتە سیاسی، بەڵام چونکە ئەم ناوەندە ڕاستەوخۆ لە خزمەتی ڕێژیمدایە، بۆیەش هەموو پرسەکان تەناهین و لە ڕوانگەی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمەوە بە شێوەی ئاسایی، سەیری هیچ پرسێک ناکرێت.

- خەڵکی کوردستان بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە زانیاری و هەواڵی ڕاست، لە چ سەرچاوەگەلێکی میدیایی و هەواڵنێری کەڵک وەردەگرن؟

ئێستا ئیتر سەردەمی میدیا و ڕاگەیاندنە. بەڵام لە بیرمان نەچێت کە ئێمە لەگەڵ ڕێژیمێک ڕووبەڕوو دەبینەوە، کە بۆ پاراستنی خۆی، بە دەیان ڕۆژ تۆڕی ئینتێرنێت دەپچڕێنێت و ملهۆڕانە، خەڵک دەکوژێت. کەوابوو، نابێ چاوەڕوانیمان هەبێت، زانیاریی بێ هەڵە، یان تەنانەت هەواڵی درۆ بڵاو نەکرێتەوە. ڕێژیم بۆ کۆنترۆڵکردنی زانیارییەکان، وەک چۆن ئۆپۆزیسیۆنی جەعلی دروست دەکات، هەوڵ دەدات هێندێک ئاژانسی هەواڵ وەک ئاژانسی سەوزەکان، دروست بکات کە بە ڕواڵەت دژ بە ڕێژیمن بەڵام لە کۆتاییدا چالاکییەکانیان لە بەرژەوەندیی ڕێژیمدایە. لە کوردستان و لە هەموو ئێران، هێندێک ناوەندی وەک حیزبی جاداک کە لە کرماشان دامەزراوە، بۆ کۆنترۆڵکردنی هەواڵەکان، دەخرێنە گەڕ. دەمهەوێت بڵێم ڕێژیم تەنانەت هەوڵ دەدات فکر و کرداری چالاکانی سیاسی، مافی مرۆڤ و حیزبەکانیش بەم شێوەیە کۆنترۆڵ بکات. کەوابوو، لێرەدا ئەرکی حیزبە کوردییەکان، دوو بەرابەر زیاد دەبێت. جارێک بەبۆنەی وەرگرتنی زانیاریی قەدەغە لە نێوخۆوە کە دەبێ سەرەڕای ئەم کارە، ئەمنییەتی ئەندامانی خۆشیان بپارێزن، جارێکیش بۆ کۆنترۆڵکردنی هەواڵی هەڵە، ناڕاست و شایعە، دەبێ زۆر هەستیار بن. بێگومان چ حیزبەکان ئەم کارە بکەن، یان نەکەن، دیسان خەڵکەکە هەر باوەڕی بە پێگەی ئەوانە. بەڵام دەبێ بۆ خۆدوورگرتن لە شەڕی ڕەوانی، بە هەستیارییەوە کار بکەین.