کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریكا، ڕێژیمی ئێران بە هەڕەشەیەك بۆ سەر خۆی دەزانێت

15:10 - 26 رەشەمه 2715

كوردستان میدیا: یەكێك لە بەرپرسانی باڵای ئەرتەشی ئەمریكا لە كۆبوونەوەی بیستنی ڕاپۆرتی كۆمیتەی هێزە چەكدارەكانی سنای ئەو وڵاتەدا ڕایگەیاند ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا.

بەپێی ڕاپۆرتی پێگەی ئینترنێتیی كومیتەی هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا، ژەنەراڵ دەیوید گۆڵدفین، جێگری سەرۆكی ستادی هاوبەشی هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە لە كۆبوونەوەی بیستنی ڕاپۆرتی كومیتەی هێزە چەكدارەكانی سنای ئەمریكادا لە ژێر ناوی بارودۆخی ئامادەیی هەنووكەیی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا وتی: ڕێژیمی ئێران یەكێك لە هۆكارەكانی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكایە.

ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئەمریكا وتی: وەزیری بەرگریی ئەمریكا پاش پێشكەشكردنی بوودجەی ساڵانەی بەرگریی ساڵی ٢٠١٥، پێنج هۆكاری هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئێمەی باس كردبوو. ڕێژیمەكانی ئێران و كۆریای باكوور و هەروەها تیرۆریزمی جیهانی بەشێك لەو هەڕەشانەن. هەر بۆیە پۆتانسێل و توانای هێزی ئاسمانیی ئێمە دەبێ زیاتر بكرێت.

پێشتر ناوەندیی هزریی ئەمریكایی هۆڤێر لە ڕاپۆرتێكدا بە قەڵەمی ئێمەی زاگارت، مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئاسایشی نیشتمانیی ئەو ناوەندە هەڕەشەكانی بەردەم ئەمریكای لە ساڵانی داهاتوودا تاوتوێ كردبوو و ڕێژیمەكانی ئێران، ڕووسیە، چین و كۆریای باكووری بە چوار هەڕەشەی جیددی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا لە ساڵانی داهاتوودا لە قەڵەم دابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ناوەندە، ئەو چوار ڕێژیمە لە چوار ڕێگەوە هەڕەشە بەرەوڕووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا دەكەن كە بریتین لە:

١ـ هەڕەشەی ئەتۆمی.
٢ـ هێرشی سایبریی بەربڵاو و كاولكەرانە بۆ سەر بازرگانیی ئەمریكا، كۆمەڵگای مەدەنی، ئەرتەش و ڕێكخراوە حكوومییەكانی ئەو وڵاتە.
٣ـ ئەنجامدانی كۆمەڵێك هێرشی زەوینی كە هاوپەیمانانی سەرەكیی ئەمریكا تووشی مەترسی دەكەن.
٤ـ شوێندانان لەسەر سەقامگیری و هەروەها ئاراستە و ڕێڕەوی نەزمی جیهانی.