کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٥ـەمین کۆنگرەی ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان بە بەشداریی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو

18:08 - 13 گەلاوێژ 2720

لە ١٥ـەمین کۆنگرەی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێ دەوڵەتەکان (UNPO)، کە به‌ به‌شداریی هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بەڕێوەچوو؛ لەسەر پێشنیاری هەیئەتی حیزبی دێموکرات، کۆنگرە بڕیارنامەیەکی تایبەت بە ڕەوشی نەتەوەکانی ئێران، بە تایبەت لە سەر کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، پەسەند کرد.

ڕۆژانی هەینی بۆ یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٠ هەتا ١٢ی گەلاوێژ، ١٥هەمین کۆنگرەی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێ دەوڵەتەکان (UNPO)، به‌ به‌شداریی هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات، پێکهاتوو لە  دوکتور "عه‌لی عه‌بدیلزاده‌"، جێگری په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و ''شنە ڕەزابی''، نوێنەری حیزب لە فنلاند، به‌ڕێوه‌ چوو.

کۆنگرە بە ڕاپۆرتێکی کورتی ''ڕالڤ بەنچ''، سکرتێری ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێ دەوڵەتەکان، دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.

 ناوبراو لە بەشێک لە وتەکانیدا ئاوڕدانەوەیەکی لە ڕەوشی مافی کەمەنەتەوەییەکان لەچەند ساڵی ڕابردوودا ، بەتایبەتی لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دایەوە.

ناوبراو، ئاماژەی بەوە دا دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕەوشی كەمەنەتەوەییەکان لە سەرانسەری جیهان خەراپتر بووە، بە جۆرێک کە ماف و ئازادییەکانیان زیاتر لە جاران پێشێل دەکرێن و لە ژێر هەڕەشە دان.

بەشێکی یەکەمی ڕۆژی یەکەمی کۆنگرە تەرخان کرابوو بۆ ناساندنی ئەندامانی نوێ لە ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێ دەوڵەتەکان کە پێنج ئەندامی نوێ لە بەشە جیاجیاکانی جیهان بە ڕێزی ئەندامانی ڕێكخراوەکەوە، زیاد بوون.

بەشی کۆتایی ڕۆژی یەکەمی کۆنگرە پانێلێکی تایبەتی لەخۆ گرتبوو لەسەر ئەو گرفتانەی کە زیاتر بەرۆکیان بە نەتەوە بێ دەوڵەتەکان لەسەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، گرتووە. لەم بەشدا چەندین کەسایەتی ناودار و شارەزا باسیان لەسەر شوێنەوارەکانی ئەو ڕەوشەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەسەر جیهانیدا هێناوە، کرد. لەم بەشەدا بەشێوەیەکی بەربڵاوتر و لە سۆنگەی جیاواز تیشک خرایە سەر ماف و ئازادییەکانی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان لە سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆندا.

کارەکانی ڕۆژی دووهەمی کۆنگرە لە چوارچێوەی کۆمیتەی کاری تایبەت بەڕێوەچوو. هەیئەتی حیزبی دێموکرات چالاکانە لە کۆمیەتەکانی کاردا بەشدارییان لە باسەکاندا کرد و چەند پرسی گرینگیان هێنایە بەرباس. لە بەشێک لە قسەکاندا هەیئەتی حیزب باسی لەوە کرد کە پێویستە هاوکاری و هاوئاهەنگی لەنێوان ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان کە دەکەوتنە یەک هەرێمەوە بەمەستی گۆڕینەوەی بیروڕا و وەرگرتنی ئەزموون لە کار و خەباتی یەکتر، زیاتر پتەوتر و بە‌هێزتر بکرێت.

هاوکات لە چوارچێوەی کۆمیتەی تایبەت بە پرسی ژنان، هەیئەتی حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد کە خەبات بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانی ژیان، بەشێکی گرینگ و دانەبڕاوە لە خەباتی نەتەوایەتیی و خەبات بۆ وەدەستهێنانی مەفە دێموکراتیکەکان.

 لە درێژەی باسەکەدا هەیئەتی حیزب، باسی لەوە کرد کە ژنانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە چەندین باری جیاوازەوە ستەمیان لەسەرە و مافە بنەڕەتییەکانیان پێشێل کراوە. جیا لە ستەمی جنسی، ژنانی کورد هاوکات بەرەوڕووی ستەمی نەتەوەیی و چینایەتی دەبنەوە.

ڕۆژی کۆتایی کۆنگرەی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێ ‌دەوڵەتەکان دووبەشی جیاوازی لەخۆ گرتبوو. بەشی یەکەمی کۆنگرە تەرخان کرابوو بۆ باس و تاوتوێکردنی چەندین کەمپەینی جیاواز کە ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێ دەوڵەتەکان کە لە ماوی دووساڵی ڕابردوودا بە شێوازی جۆراوجۆر بەڕێوەی بردوون.

بەشی کۆتایی کۆنگرە دیاری کرابوو بۆ باس و پەسەندکردنی بڕیارنامەکانی کۆنگرە. لەسەر پێشنیار و ڕەشنووسێکی ئامادەکراوی هەیئەتی حیزبی دێموکرات، کۆنگرەی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێ دەوڵەتەکان بڕیارنامەیەکی تایبەت بە ڕەوشی نەتەوەکانی ئێران، بەتایبەتی لەسەر کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، پەسەند کرد.

لە بەشێک لەو بڕیارنامەیەدا هاتووە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەلومەرجی سیاسی، پێشێلکاری مافی مرۆڤ و ئاسایش لە ئێران ، بە تایبەتی بۆ نەتەوە غەیرە فارسەکان لە ئێراندا زۆر نالەبار بووە. بڕیارنامەکە بە تایبەتی ئاماژەی بەوەکردوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئێران هێزێکی نیزامی زۆری لە کوردستانی ئێران و ناوچە سنوورییەکان کۆکردوەتەوە و سیاسەتی میلیتاریزەکردنی کوردستان و هەرێمی نەتەوەکانی دیکە، زیادی کردووە.

لە دڕێژەی بڕیارنەمەکەدا هاتووە کە میلیتاریزەکردنی کوردستان، ئێعدام و چەوساندنەوە و هەڵاواردنی خەڵک ستراتیژی بنەڕەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە بۆ بێدەنگکردنی گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە خەباتە ڕەواکەیان بۆ وەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسین، ئازادی، دێموکراسی و یەکسانی لەبواری زمان، فەرهەنگ و مافی سیاسی.

لە بەشی کۆتایی بڕیارنەمەکەدا، کە بە کۆی گشتیی دەنگی ئەندامانی بەشدار لە کۆنگرە پەسەند کرا، هاتووە کە کۆنگرەی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێ دەوڵەتەکان:

پشتیوانیی بەردەوامی خۆمان بۆ خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوای بەلووچستان، باشووری ئازەربایجان و ئەهواز دەردەبڕین بۆ گەیشتن بە مافی چارەنووس، دێموکراسی، ئازادی و مافی نەتەوایەتی.

 نیگەرانیی خۆمان دەردەبڕین بەنیسبەت هەلومەرجی زیندانییانی سیاسی کورد و نەتەوەکانی تر کە بە شێوەی نادادپەروەرانە و لە دەرەوەی چوارچێوە یاساییەکان بە ئێعدام و زیندانی درێژماوە مەحکووم دەکرێن، هەروەها نیگەرانی خۆمان لە دەستبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی، نووسەران، ڕۆژنامەوانان، چالاکانی کرێکاری و مافی مرۆڤ دەردەبڕین.

بە توندترین شێوە ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر ئێعدامکردنی زیندانییانی سیاسی و چالاکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەوانان و زیندانیانی دیکە مەحکووم دەکەین.

داوا لە ڕێژیمی ئێران دەکەین کە هەر ئێستاوە هەموو ئێعدامەکان ڕابگرێ و پابەند بێت بە یاسا نێونەتەوەیەکان لە پێوەندی لەگەڵ هەڵسووکەوتکردن لەگەڵ زیندانیانی سیاسی.

داوا لە ڕێژیمی ئێران دەکەین کە میلیتاریزەکردنی کوردستان، بەلووچستان و هەرێمەکانی دیکەی نەتەوە بندەستەکان ڕابگرێت.

 داوا لە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین دەست لە کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لە سنووری نێوان کوردستانی ڕۆژهەڵات و کوردستانی باشوور و کۆڵبەرانی بەلووچ، ڕاگرێت.

 تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ڕکابەرە سیاسییەکانی خۆی لە نەتەوەکانی ئێران کردووەتە ئامانج، نەتەنیا لە ناوخۆی ئێران بەڵکوو ئەوانەش کە لە یەکیەتیی ئورووپادا دەژین، کردووەتە ئامانج، بە توندترین شێوە مەحکووم دەکەین.

داوا لە یەکیەتیی ئورووپا دەکەین کە هەوڵەکانی ئەندامانی ڕێک بخات بۆ ئەوەیکە باشتر خۆی بپارێزێت و بەرپەچدانەوەی هەبێت بەرامبەر بە تێرۆریزمی دوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە ناو خاکی یەکیەتیی ئورووپا ئەنجام دەدرێن.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٥هەمین کۆنگرەی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێ دەوڵەتەکان کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا.