کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامی مەجلیسی ڕێژیم له شارەکانی شنۆ و نەغەدە هێرشی کردە سەر حیزبی دێموکرات

19:37 - 2 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: ئەندامی مەجلیسی ڕێژیم له شارەکانی شنۆ و نەغەدە، درۆ و تۆمەتی ناڕەوای خستە پاڵ حیزبی دێموکرات.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە بڵاو کراوەتە عەبدولکەریم حوسێن‌زادە ئەندامی مەجلیسی ڕێژیمی شارەکانی نەغەده و شنۆ لە مەجلیسی چەقبەستووی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هێرشی کردە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵێک درۆ و تۆمەتی ناڕەوای خستە پاڵ حیزبی دێموکرات.

ئەو نوێنەرە مۆرەیەی ڕێژیم لە مەجلیس باسی لەوە کردووە کە حیزبی دێموکرات کاری تێرۆریستی دەکات و ئەمنییەتی کوردستان دەشێوێنێت.

لەو پێوەندییەدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران قەت کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام نەداوە و تێرۆریزمی بە هەموو شێوەکانی خۆی مەحکووم کردووە.

هەروەها حیزبی دێموکرات خۆی قوربانیی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و کۆماری ئیسلامی ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی لە وڵاتانی ئورووپایی تێرۆر کردووە.

لەو پێوەندییەدا دادگای بێرلین سەرانی کۆماری ئیسلامیی وەک سەرچاوەی تێرۆریزم ناساندوە و مەحکوومی کردووە.

هەروەها بۆ هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕوون و ئاشکرایە که ڕێژیمی تاران دەسەڵاتێکی تێرۆریستییە و لە هیچ کردەوەیەک بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی خۆ نابوێرێت.

تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران نێگەرانی وڵاتانی دراوسێ و جیهانیی لێکەوتووتەوە و ئەو ڕێژیمە لە ساڵی ٢٠١٦ی زایینی‌دا وەک سەرەکیترین وڵات بۆ پشتیوانی لە تێرۆریزم ناسێندراوە.