کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دێرینی حیزب لە مەریوان کۆچی دوایی کرد

16:46 - 26 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی خەڵکی شاری مەریوان بەهۆی نەخۆشی لە شارای تاران کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ سەعید سەعیدزادە ناسراو بە سەعیدی کەریم بەگ خەڵکی گوندی دەرەتفێ لە بەری بەگزادەی مەریوان ڕێکەوتی ٢٣ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری تاران کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و پاش شۆرشی گەلانی ئێران و بەتاڵان بردنی دەسکەوتەکانی شۆرش لەلایەن ئاخوندەکانی جەمارانەوە چەکی داکۆکی لە کەرامەتی نەتەوەکەی لە شان کرد و لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات ڕێگەی خەبات بەدژی سەرەڕۆیی هەڵبژارد.

ساڵی ٥٨ی هەتاوی لە ئاوایی سەردۆشی مەریوان لە تێکەڵچوونیکدا لەگەڵ هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیم بریندار بوو.

پاش ١٣ ساڵ پیشمەرگایەتی لە سەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە نێوخۆی کوردستان و وەک ئەندامێکی دڵسۆز و خەمخۆر درێژەی بە کار و چالاکییەکانی دا؛ لەو ماوەیەشدا چەندین جار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشت و دەسبەسەر و ئەشکەنجە درا بەڵام بۆ ساتێکیش ئامادە نەبوو واز لە بیروباوەرە پیرۆزەکەی بێنێ.

ناوبراو کەسایەتییەکی خۆشناو و جیگەی متمانەی خەڵکی ناوچە بوو؛ بەداخەوە ڕێکەوتی ٢٣ی سەرماوەز لە تەمەنی ٥٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەداخبوونی خۆی لە کۆچی دوایی ئەم ئەندامە دڵسۆزە دەردەبڕێ و خۆی بە شەریکی خەمی بنەماڵە و کەس وکارەکەی دەزانێت. ڕۆحی شاد بیت.