کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە شاری "شنۆ" کۆچی دوایی کرد

17:05 - 1 جۆزەردان 2721

شەوی هەینی لەسەر شەممە ڕێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی مەلا "ئیسماعیل مێهفەر" کوڕی کاک "خورشید" برای شەهید" لوقمان مێهفەر" پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەڵکی گوندی "مەلا عیسا" ناوچەی دەشتەبێڵ سەربە شاری "شنۆ" لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مەلا "ئیسماعیل مێهفەر" کەسایەتییەکی خۆشناو و باوەڕپێکراوی ناوچەی دەشتەبێڵ بووە. هاوکات یەکێک لە تێکۆشەرانی نەهێنیی خەباتی چەکدارانەی حیزبی دێموکرات لە ساڵانی ٤٦-٤٧ی هەتاوی بووە و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ شەهیدان، شەهید "نحۆ و شەهید مەلا کەریم دادیلی" هەبووە و لەو سەردەمەدا هاوکار و پشتیوانی شۆڕش و جووڵانەوەی کردووە.

 لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا، بەشێوەی نەهێنی لە تێکۆشان بەردەوام دەبێ و دواتریش لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوییەوە دوای ڕاگەیاندنەوەی خەباتی ئاشكرای حیزبەکەمان، پێوەندی دەگرێتەوە و لە ڕێزی تێکۆشەرانی نێوخۆدا سازمان دەدرێتەوە و هەر ئەرکێکی حیزبی پێئەسپێردرابێ بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوەی بردووە.

کاک مەلا "ئیسماعیل" وەک برای شەهید "لوقمان مێهفەر" بەردەوام لەژێر گوشار و چاوەدێریی هێزە ئەمنیی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بووە و زۆر جار تووشی ئەزیەت و ئازاری کاربەدەستانی ڕێژێم دەبووە؛ بەڵام ئیرادە و خۆڕاگری و باوەڕی قووڵی کاک مەلا "ئیسماعیل" بە ڕێبازی شەهیدانی ٤٦ – ٤٧ و شانازیکردن بە خەباتی براکەیەوە، ئەوی ڕووسوو‌ر دێنایەوە دەر.

کاک مەلا "ئیسماعیل" لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا کەسایەتییەکی تێگەیشتوو و کراوە بوو، لە کێشە و گرفتی خەڵکی ناوچەکەدا پرس و ڕاوێژی پێدەکرا و پیاوی ئاشتی و تەبایی و خێر و چاکە بوو بەتایبەتی ئەو کاتانەی لەلایەن حیزبەکەیەوە ڕادەسپێردرا تا ناکۆکی و کێشەی خەڵک چارەسەر بکات بە خەمخۆرییەوە هەنگاوی بەجێی هەڵدەگرت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو تێکۆشەرە دێرینە دەکات وخۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.