کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد

12:27 - 26 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی چوارشەممە، ۲٥ی خەزەڵوەری ۱٤۰۱ی هەتاوی کاک عوسمان ڕەبانی، کوڕی عەزیز ئەندام و پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی ئوسووکەندی سەر بە مەهاباد بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

کاک عوسمان ڕەبانی ساڵی ۱۳٤۱ی هەتاوی لە گوندی "مەمێند" سەر بە شاری نەغەدە لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە دایک بوو. ناوبراو ساڵی ۱۳٦٦ی هەتاوی بەهۆی ئیمان و باوەڕێک کە بە ڕێبازی دێموکرات هەیبوو، بووە پێشمەرگە .

کاک عوسمان دوای ساڵێک پێشمەرگایەتی، لەگەڵ هاوڕێیەکی پێشمەرگەی دیکەی بە ناوی "سولەیمان شێخە" لە ناوچەی "قاسمەڕەشی" سەردەشت لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە دیل گیرا و ڕەوانەی چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیم کران. کاک عوسمان دوای کێشانی شەش ساڵ زیندانی، ئازاد بوو. هەروەها بەهۆی ئەوەی برایەکی کاک عوسمان بە ناوی قادر ڕەبانی لە سەرەتای شۆڕشی‌ گەلانی ئێرانەوە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا بوو، هەمیشە لەلایەن ڕێژیمەوە لەژێر گوشاردا بوون و بەهۆی گوشاری ڕێژیمەوە بنەماڵەکەیان لە گوندی "مەمێند"ی نەغەدە کۆچیان کرد و لە گوندی "قەرەشڵاخ" مەهاباد گیرسانەوە.

کاک عوسمان ڕەبانی تا دوا ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات مایەوە و ئازادیی و ڕزگاڕیی نیشتمان لە ئاواتە هەرەگەورەکانی ناوبراو بوو. دواجاریش تەرمەکەی لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەی شاروێران لە گۆڕستانی گوندی قەرەشڵاخ لە تەنیشت گۆڕی پیرۆزی کاک "قادر"ی برای تەسلیم بە خاکی پیرۆزی کوردستان کرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆش لە خزم و کەسوکاری ناوبراو و بنەماڵەی ڕەبانی و خەڵکی ناوچەی شاروێران بە گشتی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.