تێچووی مانگانەی چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرە لە ئێران لە ماوەی یەک ساڵدا نزیکەی شەش هێندە بەرز بووەتەوە و لە یەک میلیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەنەوە گەیشتووەتە ٦ میلیۆن و ٩٠٠ هەزار تمەن، هاوکات کەمبوونی سەرچاوە داراییەکانی بیمە دەرمانییەکان گیانی نەخۆشانی خستووەتە مەترسییەوە.
عەلیڕەزا ئێستقامەتی، بەرپرسی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران و بەرپرسی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی شەکرەی گابریک، ڕایگەیاند کە گوشارە ئابوورییەکان، گەمارۆکان و قەیرانەکانی ناوچەکە، دەستڕاگەیشتنی نەخۆشانی بە دەرمان، ئەنسۆلین و کەرەستە پزیشکییەکان زۆر ئەستەم کردووە.
بە وتەی ناوبراو، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا نرخی شریتی پشکنینی شەکرەی خوێن لە ٢٥٠ هەزار تمەنەوە گەیشتووەتە نزیکەی یەک میلیۆن تمەن و نرخی سەرەدەرزیی قەڵەمی ئەنسۆلینیش لە ٣٥٠ هەزار تمەنەوە بۆ دوو میلیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە.
بەرزبوونەوەی بێسنووری تێچووی دەرمان لەکاتێکدایە کە ڕێکخراوەکانی بیمەی تەندروستی و دابینکردنی کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووی کورتهێنانی بەرچاوی بودجە بوونەتەوە و ناتوانن پشتیوانیی پێویست لە نەخۆشان بکەن.
ئێستقامەتی هۆشداریی دا کە تێچووی مانگانەی دیالیز بۆ هەر نەخۆشێک گەیشتووەتە نزیکەی ١٠ میلیۆن تمەن و لێکەوتەکانی وەک نەخۆشییەکانی دڵ و چاو بارگرانییەکی زۆرتریان خستووەتە سەر شانی خێزانە دەستکورتەکان.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە ٧ میلیۆن کەس لە ئێران تووشبووی نەخۆشیی شەکرەن و ڕێژەی تووشبوون لە نێوان کەسانی سەروو ٢٥ ساڵدا بەردەوام لە هەڵکشاندایە، لەکاتێکدا نەبوونی بودجەی پێویست بۆ پێشگیری و دابینکردنی دەرمان، مەترسییەکی جیددی لەسەر تەندروستیی گشتی و بەتایبەت توێژە هەژارەکان دروست کردووە.