کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرنگیی نووسینەوەی مێژووی ڕۆژنامەی «کوردستان»

09:16 - 21 خەزەڵوەر 2726

قادر وریا 

«کوردستان»ی ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، مێژوویەکی پڕ لە هەوراز و نشێو و ئاڵۆزی هەیە. هۆی ئەم ئاڵۆزییە، بار و دۆخێک و چارەنووسێک بووە کە ڕێبەران و تێکۆشەرانی ئەو حیزبە لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان بەسەریاندا سەپا. مێژووی «کوردستان»یش ئاوێنەی ئەو چارەنووسە بووە کە بەسەر درێژەدەرانی ڕێگا و ڕێبازی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستاندا هاتووە.

دەورەی یەکەمی «کوردستان»، ئەو ماوەیە لە بڵاوبوونەوەی دەگرێتەوە کە دەکەوێتە دوای دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان (بەفرانباری ١٣٢٤) هەتا دواڕۆژەکانی تەمەنی کۆماری کوردستان (سەرماوەزی ١٣٢٥). ئەم دەورەیە کە لە ١١٣ ژمارە پێک هاتووە، لە ڕوانگەی لەچاپدرانەوە و توێژینەوە، لە دەورەکانی دوای خۆی، خۆش‌شانستر بووە. ٨٢ ژمارە لە ١١٣ ژمارەی ئەو دەورەیە، ساڵی ٢٠٠٧، بە هەوڵ و هیممەتی «بنکەی ژین» وێڕای توێژینەوەیەکی پڕ لە زانیاریی بەسوود لەسەر نێوەڕۆکی بابەتەکان و نووسەرانی ژمارەکانی ئەم دەورەیە، سەر لە نوێ چاپ و بڵاو کرایەوە. دەزگای ئاراسیش لە چاپکردنەوەی «کوردستان»ی سەردەمی کۆماری کوردستاندا هاوکار و هاوبەشی «بنکەی ژین» بوو.١

دەورەکانی دیکەی «کوردستان» قسە و باسی زۆر هەڵدەگرن. هەر لەجێدا بە زەحمەت دەتوانین بڵێین چەند دەورەی دیکەی بڵاوبوونەوەی «کوردستان»مان هەبووە. بۆ وێنە لە دوای کودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ (١٩ی ئاگۆستی ١٩٥٤)، بە دیاریکراوی لە بەهار و پاییزی ١٣٣٣ (١٩٥٤)، بەڕێوەبەرانی ئەو کاتەی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات نەمران غەنی بلووریان، سەدیق ئەنجیری، عەبدولڕەحمان قاسملوو و عەزیز یووسفی، بە یارمەتیی سارمەدین سادق وەزیری، توانیان لە شاری تەورێز پێنج ژمارەی «کوردستان» لە «چاپخانەی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان» چاپ و بڵاو بکەنەوە.٢ بەڵام چونکە لە پێنج ژمارە تێ نەپەڕیوە و دەوامی نەبووە، لە مێژووی ئەم ڕۆژنامەیەدا، کەمتر وەک دەورەیەک، ئاوڕی لێ دراوەتەوە. جگە لەمەش بەداخەوە نوسخەکانی هەروا نایابن و بەش بەحاڵی خۆم لە هیچ شوێن و سەرچاوەیەکدا، هیچ یەک لەو پێنج ژمارەیەم نەدیتووە.

هەر لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، شاری باکۆ (ناوەندی کۆماری ئازەربایجانی یەکیەتیی سۆڤیەت)، بەهۆی گیرسانەوەی ژمارەیەک لە خوێندکارانی کوردی ناردراو لەلایەن کۆماری کوردستان لەوێ و جێگیربوونی ڕێبەریی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان، دەرفەت بۆ بڵاوبوونەوەی بڵاوکراوەیەکی کوردی بە ناوی «کوردستان» و وەک ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی تێدا پێک هات. لە درێژەی ئەم نووسینەدا دێمەوە سەر ئەم دەورەیە لە بڵاوبوونەوەی «کوردستان» لە باکۆ.

دوو دەورەی تری «کوردستان» هەن کە لە مێژووی ئەم ڕۆژنامەیەدا، جێگای تایبەت بە خۆیان هەیە. یەکیان ئەو دەورەیە کە بە «دەورەی پڕاگ» ناسراوە و لەنێوان ڕێبەندانی ١٣٤٣ هەتا خەرمانانی ١٣٤٩ (١٩٦٥-١٩٧٠)دا، بە سەرنووسەریی د. قاسملوو، ٢٦ ژمارەی لێ بڵاو بووەتەوە. لەم ساڵانەدا، «کوردستان»، ناوی ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لەسەر نەبووە، بەڵکوو لەژێر ناوەکەیدا نووسراوە: «لەلایەن دەستی نووسەرانەوە بڵاو دەکرێتەوە»، بەڵام سەرنووسەر و نووسەرە سەرەکییەکانی هەم بە کردەوە و هەم بە بیر و باوەڕ، زیاتر خۆیان سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستان زانیوە.

دوایین دەورەی «کوردستان» ئەو دەورەیەیە کە لە ڕێبەندانی ١٣٤٩، یەکەم ژمارەی لە بەغدا بڵاو بووەتەوە. دەورەیەک کە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە و سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ پێکهاتنی هەر لێکدابڕانێک لەو حیزبەدا، هەر کام لە دوو لایەنی لێکدابڕاوی ئەو حیزبە، بە جیا درێژەیان بە بڵاوکردنەوەی داوە، بەڵام لەسەر یەک ئەم دەورەیەی «کوردستان» لە ئەنجامدا یەکی گرتووەتەوە و بەردەوامیی خۆی پاراستووە. ئەم دەورەیەش لەباری ناساندنی مێژووەکەی، بەڕێوەبەران و نووسەرانی، دەستپێڕاگەیشتنی توێژەران بە ژمارەکانی، شانسێکی باشتر لە دەورەکانی پێش خۆی هەبووە، چونکە هەم کەسە شوێندانەرەکانی قۆناغەکانی پێشووی لە ژیاندا بوون و تەنانەت هێندێکیان بە خۆشیەوە هەتا ئێستاش لە ژیاندان، هەم ئەرشیڤی زۆربەی ژمارەکانی ئەم دەورەیە لەبەر دەستانن. وێڕای ئەمانەش چونکە خودی ڕۆژنامەکە حەی و حازرە و لە بۆنەی جۆراوجۆردا، ئاوڕ لەم دەورەیە دراوەتەوە، بۆ توێژەران ئاشنایە. هەر لەجێدا ژیان و بەردەوامی لە سەردەمی ئینتەرنێتدا، هەلی ئەوەی بۆ ڕەخساندووە دەم و دەست سنوورەکان ببڕێ و لە هەر گۆشەیەکی ئەم جیهانە بگاتە دەست خوێنەران و هۆگرانی.

بەم پێیە وێڕای ئەو پێنج ژمارەیەی دوای کودەتای ١٣٣٢ کە لە تەورێز چاپ بووە، دوو دەورەی ڕۆژنامەی «کوردستان» هەتا ئێستا کەمترین تیشکی توێژینەوەیان بەرکەوتووە: «کوردستان»ی دەورەی باکۆ و «کوردستان»ی دەورەی پڕاگ.

توێژینەوەیەک کە بەڕێز د. کامران ئەمین ئاوە لەم دواییانەدا لە توێی کتێبێک لەژێر ناوی «ڕۆژنامەی ‹کوردستان› چاپی باکۆ» بڵاوی کردووەتەوە، یەکەم توێژینەوەی تێر و تەسەل و یەکەم کتێب لەبارەی ئەم دەورەیەی «کوردستان»ە.

د. کامران ئەم کتێبەی بە بۆنەی ٨٠ ساڵەی تەمەنی ڕۆژنامەی «کوردستان»ی ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە دەبووە ساڵی ڕابردوو (١٤٠٤/٢٠٢٥) ئامادە کردبوو، بەڵام ئەم دەست و ئەو دەست کردنی ناوەندێکی بڵاوکردنەوە، چاپەکەی دواخست و سەرئەنجام ئەمساڵ (٢٠٢٦) لەسەر ئەرکی خۆی چاپی کرد.

یەکەمین خاڵی پێوەندیدار بەم دەورەیەی «کوردستان» کە پێویستە ئاماژەی پێ بکرێت ئەوەیە کە لەم دەورەیەدا، «کوردستان»، بڵاوکراوەیەکی سەربەخۆ نەبووە، بەڵکوو لاپەڕێک لە بڵاوکراوەی «آذربایجان»، ئۆرگانی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان بووە. دووهەم خاڵیش ماوەی دوور و درێژی ئەم دەورەیەیە کە لە ١٠ی سەرماوەزی ١٣٢٦ (٢ی دێسامبری ١٩٤٧) هەتا ٣٠ی ڕەشەمەی ١٣٤٠ (١٩ی ئاوریلی ١٩٦١) واتە ماوەی چاردە ساڵی خایاندووە.٣

سێهەم خاڵ ئەوەیە ئەگەرچی دانانی ناوی «ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان» لەسەر ئەم لاپەڕەیە، لە ڕوانگەی خۆمەوە لەجێی خۆیدا نەبووە،٤ بەڵام لە هەموو ئەو ماوەیەدا تریبۆنێک بووە بۆ داکۆکی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە کوردستانی ئێران و مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد. دەلاقەیەک بووە بەسەر خەباتی تێکۆشەرانی کورد لە ئێران و ڕووداوە سیاسییەکانی پێوەندیدار بە خەڵکی کوردستانی ئێران و لەقاودانی تاوانەکانی ڕێژیمی شایەتی دژی نەتەوەی کورد. لە هەمان کاتیشدا دەرەتانێک بووە بۆ نووسینی سیاسی بە زمانی کوردی، بۆ ئاوڕدانەوە لە ئەدەبیاتی کوردی، بۆ تۆمارکردنی ڕوانگە و بۆچوونی ژمارەیەک سیاسیی تێکۆشەری کورد لەسەر ڕووداو و ئاڵوگۆڕەکانی سەردەم. بێگومان ئەگەر ڕێگەپێدان و پشتگیریی ڕێبەریی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان لەلایەک و لەلایەکی ترەوە ئەرکناسی، دەروەستبوون و هەوڵی بەردەوام و خۆبەخشانەی نووسەرەکانی بەتایبەتی نەمران د. ڕەحیم سەیفی قازی و د. عەلی گەلاوێژ نەبا، چرای ئەم دەورەیەی «کوردستان» بۆ ماوەی چاردە ساڵ دانەدەگیرسا.

د. کامران ئەمین ئاوە بۆ ئامادەکردنی ئەم کتێبە بەڕاستی خۆی ماندوو کردووە. ئەگەرچی هەموو ئەو ژمارانەی «آذربایجان»ی دەست نەکەوتوون کە ئەم یەک لاپەڕەی «کوردستان»یان گرتووەتەخۆ، بەڵام بۆ ئەو ژمارانەش کە پەیدای کردوون زەحمەتی زۆری کێشاوە، پێوەندیی بە چەندین کەسایەتیی توێژەر و ناوەند و ئەرشیڤخانەوە گرتووە، بە دەیان سەرچاوەی بە زمانی جۆراوجۆر پشکنیوە تا لە ئەنجامدا توانیویەتی لەبارەی مێژووی ئەم ڕۆژنامەیە، نووسەرانی بابەتەکانی، جۆر و نموونەی ئەو نووسینانەی لەم «کوردستان»ەدا بڵاو بوونەتەوە، زانیاری و بەرچاوڕوونی بۆ خوێنەرانی دابین بکا.

خوێنەری کتێبی «ڕۆژنامەی ‹کوردستان› چاپی باکۆ (١٩٦١-١٩٤٧)» بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە، نەک هەر پانۆرامایەکی ڕوون لەسەر ئەم دەورەیەی «کوردستان» دێتە بەرچاوی، ئاگادار و شارەزای ئەو هەلومەرجە فیکری و سیاسی و ڕێکخراوەییەش دەبێت کە ئەم ڕۆژنامەیەی تێدا لەدایک بوو، درێژە بە بڵاوکردنەوەی درا و سەرئەنجام کۆتایی پێ هات.

بە دەرفەتی دەزانم بە ئاگاداریی خوێنەرانی ئەم وتارەم و سەرجەم هۆگرانی مێژووی ڕۆژنامەی «کوردستان»ی بگەیەنم کە د. کامران ئەمین ئاوە، نزیکەی ساڵێکە پلانی ئامادەکردنی کتێبێک لەسەر دەورەی پڕاگی ڕۆژنامەی «کوردستان»ی هەیە. هەوڵێکی زۆریشی بۆ بەدەستهێنانی ژمارەکانی دەورەی پڕاگی «کوردستان» داوە، دەستەوداوێنی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە و کۆمەڵێک کەسایەتیی تر و تەنانەت خۆشم بووە و کردوومانی بە «واسیتە» بۆ ئەوەی لەو ناوەند و بەڕێزانەی پێدەچێ ژمارەکانی ئەو دەورەیان هەبێ، داوا بکەین بە دەنگ ئەو توێژەرەوە بێن و وێنەیەک لەو ژمارانەی «کوردستان»ی بخەنە بەردەست، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا، بەدەنگەوەهاتنێکی ئەوتۆی نەدیتووە. لێرەوە داواکارم هەر بەڕێزێک بۆ ئەم پڕۆژەیە بەڵگەنامە و زانیاریی پێویست و بەکەڵکی لایە، هەست بە بەرپرسایەتی بکا، گەورەیی بنوێنێ و بە دەنگ بانگەوازی ئەو توێژەرە خۆبەخشەوە بێت.

پەراوێزەکان

١. ڕەفیق ساڵح و سدیق ساڵح، «ڕۆژنامەی ‹کوردستان› مەهاباد، ١٣٢٤-١٣٢٥ی هەتاوی (١٩٤٦)»، پڕۆژەی هاوبەشی بنکەی ژین و دەزگای ئاراس، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٧، پێشەکی، لاپەڕەی ٨.

٢. کامران ئەمین ئاوە، «ڕۆژنامەی ‹کوردستان› چاپی باکۆ»، ٢٠٢٦، چاپی یەکەم، ڕۆشەنگەری، ئەڵمان، لاپەڕە ١٠.

٣. کامران ئەمین ئاوە، «ڕۆژنامەی ‹کوردستان› چاپی باکۆ»، ٢٠٢٦، چاپی یەکەم، ڕۆشەنگەری، ئەڵمان، لاپەڕە ١٢.

٤.  هۆی ئەوە کە پێموایە دانانی ناوی ئۆرگانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەم لاپەڕەیە لەجێی خۆیدا نەبووە، ئەوەیە جگە لەوەی ئەم «کوردستان»ە، وەک بڵاوکراوە بوونێکی سەربەخۆی نەبووە و لاپەڕێک بووە لە بڵاوکراوەی ئۆرگانی ڕێکخراوێکی سیاسیی تر، سەرنووسەر و نووسەرەکانیشی ئەندام یان بەشێک لە ڕێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئەو سەردەم نەبوون، با خۆشیان بە میراتگر و درێژەدەری ڕێبازی ئەو حیزبە زانیبێت. دیارە هەر لەجێدا لە ساڵانی دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە هۆکاری جۆراوجۆر ڕێبەرییەکی تۆکمە و یەکگرتووی نەبوو.