کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێهەمین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناڤین

13:38 - 25 خەزەڵوەر 2726

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ئەمریکا، سێهەمین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا بە ناوی «یوو ئێس‌ئێس تێۆدۆر ڕۆزڤێڵت» گەیشتووەتە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و پەیوەندیی بە دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری تری ئەمریکایی لە دەریای عەرەب کردووە.

ئەم کەشتییانە و زیاتر لە ٢٠ ناوی هێزی دەریایی ئەمریکا، ڕۆڵی سەرەکی لە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی کەناراوەکانی ئێران و پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییەکاندا دەگێڕن.

سێنتکام لەم دواییانەدا ڕایگەیاندووە کە وڵاتانی هاوبەشی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو توانیویانە زیاتر لە یەک میلیارد و ٧٠٠ میلیۆن بەرمیل نەوتی خاو لەژێر چاودێری و پاراستنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا لە گەرووی ستراتیژیی هۆرمۆز تێپەڕێنن.

لە بەرانبەردا، تاران بانگەشەی کۆنتڕۆڵکردنی ئەم گەرووە دەکات و بەرپرسیاریەتیی هێرشکردنە سەر کەشتییە تێپەڕبووەکان لە ئەستۆ دەگرێت.

هەروەها دوناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە ئێستادا لە هەوڵی هێرشی نوێی سەربازی یان ڕێککەوتنی خێرا لەگەڵ ڕێژیمی تاراندا نییە؛ چونکە بە وتەی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، گوشارە ئابوورییەکان و گەمارۆی دەریایی ئەوەندە کاریگەر بوون کە پێویستی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی کاتی کەم کردووەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا هێشتا لە بنبەستدایە. هاوکات، پێکدادان و هێرشەکانی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر ژێرخانەکانی عەرەبستان بەردەوامە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەی زیاتر کردووە.