کانوونی نووسەرانی ئێران بەبۆنەی "ڕۆژی جیهانیی نووسەرانی بەندکراو" ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و هەواڵی لە بەردەوامیی سەرکوتی قەڵەمبەدەستان، بەندکرانی لانیکەم ٢٠ نووسەر و شاعێر و مەترسیی لەسێدارەدانی نووسەرێکی دا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، دوای سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ و شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی، کەشێکی توندی تۆقاندن و سانسۆر زاڵ بووە و پەسەندکردنی یاسای توندکردنی سزای سیخوڕی، گوشارەکانی سەر نووسەرانی زیاتر کردووە.
کانوونی نووسەرانی ئێران هۆشداریی دا کە سزای لەسێدارەدانی پەیمان فەرەحئاوەر، هەڵبەستوان و شاعێری خەڵکی گیلان، بە تۆمەتەکانی "بەغی" و "موحاربە" پشتڕاست کراوەتەوە و دۆسییەکەی ڕەوانەی بەشی جێبەجێکردنی سزاکان کراوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە گیانلەدەستدانی گوماناویی عەلیڕەزا بەیرانوەند، شاعیر و چالاکی ژینگەپارێز، لە کاتی دەسبەسەربوونیدا کراوە.
هەروەها ناوی دەیان نووسەر و چالاکی فەرهەنگی هاتووە کە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێنراوە، لەوانە: "عومەر محەممەدی کە بەهۆی فێرکردنی زمانی کوردی سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێنراوە، ئیحسان ڕۆستەمی (وەرگێڕ)، گوڵڕوخ ئیرایی، کەیوان ڕەحیمیان، حوسێن شەنبەزادە و مستەفا مێهرئایین."