کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا؛ ئابووریی ئێران تا کۆتایی ئەمساڵ بەرەو داڕمانێکی ٢٥ لەسەدی دەچێت

13:32 - 25 خەزەڵوەر 2726

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئابووریی ئێران لە ماوەی نێوان مانگی ڕەشەمەی ١٤٠٤ تا ڕەشەمەی ١٤٠٥ـدا (مارسی ٢٠٢٦ تا مارسی ٢٠٢٧)، یەکێک لە خێراترین داڕمانە ئابوورییەکانی مێژوو بەخۆوە دەبینێت و بە ڕێژەی ٢٥ لەسەد بچووک دەبێتەوە.

بێسێنت لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز"، قەبارەی ئەم قەیرانەی بە دۆخی دوای هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤییەت بەراورد کرد و وتی: "ئابووریی ڕووسیە دوای ڕووخانی سۆڤییەت لە ماوەی سێ ساڵدا تەنیا ٢٢ لەسەد پاشەکشەی کرد، بەڵام ئەوەی بەسەر ئابووریی ئێراندا دێت یەکێکە لە خێراترین پرۆسەکانی هەرەسهێنانی ئابووری لە مێژوودا."

ناوبراو هەڵمەتی گەمارۆ ئابوورییەکانی دەوڵەتی ترامپی لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "دەروازەی ئاسنین" بە گەورەترین گۆشەگیریی ئابووری لە مێژووی جیهاندا دژی وڵاتێک وەسف کرد.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ئاماژەی بە هەڕەشە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی کرد و جەختی کردەوە کە هەڕەشەکردن لە کوشتنی ئەو، بەڵگە لەسەر کاریگەریی سزاکانە.

بێسێنت ئاشکرای کرد کە بەهۆی جیددیبوونی هەڕەشەکانی تارانەوە، ناچار بووە لەگەڵ خێزانەکەیدا شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بگوازێتەوە بۆ بنکەیەکی سەربازی.

بەپێی ڕاپۆرتی فاکس نیوز، هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ تێرۆرکردنی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار، بە شێوەیەک کە جگە لە بێسێنت، هەر یەک لە مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە و پیت هێگسێت، وەزیری شەڕی ئەمریکا، بە مەبەستی پاراستنی گیانیان لە بنکەی سەربازیی "فۆرت مەک‌نێر" لە واشنگتۆن دی‌سی نیشتەجێ کراون.