
ئیبراهیم لاجانی
چواری خەزەڵوەر، ساڵڕۆژی کۆچی دوایی عەلیئەشرەف دەرویشیان، دەرفەتێکە بۆ یادکردنەوەی نووسەرێک کە ئەدەبیاتی بە ژیانی خەڵک و ئاواتی ئازادییەوە گرێ دا. ئەو گێڕەرەوەی هەژاری، جیاکاری و ئازاری ئەو مرۆڤانە بوو کە کەمتر دەرفەتی دەربڕینی دەنگیان هەبوو؛ مامۆستایەک کە ئەزموونی ژیان لەنێو بێبەشاندا کردە کەرەسەی چیرۆک و تا کۆتایی تەمەنی لە بەرگری لە ئازادیی ڕادەربڕین و بەرەنگاربوونەوەی سانسۆردا بەردەوام بوو. بۆ ئەو، نووسین بەرپرسیارێتییەک بوو بەرامبەر بە مرۆڤ و کەرامەتە پێشێلکراوەکەی.
دەرویشیان لە سێی خەرمانانی ١٣٢٠ی هەتاوی، لە بنەماڵەیەکی کرێکاری و پڕئەندامی کرماشاندا لەدایک بوو. هەژاری بۆ ئەو چەمکێکی دوور لە ژیان نەبوو؛ لە منداڵییەوە لە ماڵ، گەڕەک و شوێنی کاردا هەستی پێ کردبوو. دوای تەواوکردنی خوێندن لە پەیمانگای سەرەتایی پەروەردەی مامۆستایان، نزیکەی دە ساڵ لە گوندەکانی دەوروبەری کرماشان و گیلانی ڕۆژئاوا مامۆستایەتی کرد. ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژانەی لەگەڵ ئەو منداڵانەی بێبەشی سێبەری بەسەر ژیان و داهاتوویاندا کێشابوو، تێگەیشتنی لە نایەکسانی قووڵتر کردەوە؛ ئەزموونێک کە دواتر لە جیهانی چیرۆکەکانیدا ڕەنگی دایەوە.
کۆچکردن بۆ تاران و درێژەدان بە خوێندن، ئاسۆی تازەیان لەبەردەمدا کردەوە. ئاشنابوونی بە کەسایەتییەکانی وەک سیمین دانشوەر، جەلال ئالئەحمەد، ڕەزا بەراهەنی و ئەمیرحوسێن ئارینپوور، کاریگەریی لەسەر ڕێبازی نووسینی دانا. بەڵام سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمەکانی هەر ئەو ئەزموونانە بوون کە لە کۆڵانەکانی کرماشان، ماڵە کرێکارییەکان و پۆلەکانی گوندەوە لەگەڵ خۆی هێنابوونی. کارەکتەرەکانی لە دڵی هەمان جیهانەوە سەریان هەڵدا؛ خەڵکانێکی دەستەنگ کە لەنێو تەنگانەکاندا بۆ پاراستنی ژیان و شکۆی خۆیان تێدەکۆشان.
ڕوانینی ڕەخنەگرانەی دەرویشیان بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بە دژایەتیی ستەمکاریی سیاسییەوە گرێ درابوو. چالاکییە سیاسی و فەرهەنگییەکانی لە سەردەمی پەهلەویدا، بوونە هۆی چەندین جار دەستبەسەرکردنی، دەرکردنی لە پیشەی مامۆستایەتی و سەپاندنی حوکمی یازدە ساڵ زیندان بەسەریدا. زیندان و سەرکوت نەیانتوانی لە ڕێگاکەی پاشگەزی بکەنەوە. ئەزموونی بێبەشبوون لە ئازادی، هەستیاریی ئەوی بەرامبەر بە چارەنووسی زیندانیان و شێوازەکانی بێدەنگکردنی ناڕازییان زیاتر کرد؛ هەستیارییەک کە لە نووسین و هەڵوێستەکانی دواتریشیدا ڕوون بوو.
لە ئەدەبیاتی هاوچەرخی ئێراندا، دەرویشیان یەکێک لە ڕووخسارە دیارەکانی ڕیالیزمی کۆمەڵایەتییە. چیرۆکەکانی ژیانی کرێکاران، منداڵە بێبەشەکان، بێکاران، زیندانیان و پەراوێزنشینان دەخەنە بەرچاوی خوێنەر. گرنگیی ئەم بەرهەمانە، لە پاڵ خستنەڕووی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، لە وێناکردنی هەست، ئاوات و پەیوەندییە مرۆییەکان لەنێو بێبەشیدایە. لە جیهانی چیرۆکەکانی ئەودا، هەژاری کاریگەری لەسەر سفرە و ماڵ، خوێندن و تەندروستی، تەنانەت لەسەر خەونەکانی مرۆڤیش دادەنێت. خوێنەر ڕووبەڕووی مرۆڤگەلێک دەبێتەوە کە ئازارەکانیان ڕووخسار، دەنگ و چارەنووسی دیاریکراویان هەیە.
دەرویشیان لەوە نەدەپرینگایەوە کە بەرهەمەکانی بە سیاسی ناو ببرێن. باوەڕی وابوو نووسەر ناتوانێت ئازاری کۆمەڵگە ببینێت و بەرامبەر بە نادادپەروەری بێدەنگ بێت. دەربڕینی «چریکی فەرهەنگی» کە بۆ خۆی بەکاری دەهێنا، هەڵقوڵاوی هەمان تێگەیشتن بوو لە بەرپرسیارێتیی نووسەر. ئەو هونەری بە مەیدانی خەبات بۆ گۆڕینی ژیان دەزانی؛ خەباتێک بۆ نەهێشتنی هەژاری و بەهرەمەندبوونی هەمووان لە ئازادیی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین. سەرچاوەی ئەم پابەندییە، هاوسۆزییەکی قووڵ بوو لەگەڵ ئەو خەڵکانەی دەنگیان لە هاواری دەسەڵات و ساماندا ون دەبوو.
ئەم ڕوانینە لە چالاکییەکانی لە کانوونی نووسەرانی ئێرانیشدا بەردەوام بوو. لە ساڵی ١٣٧٣دا یەکێک لە واژۆکارانی نامەی «ئێمە نووسەرین»، ناسراو بە «دەقی ١٣٤ نووسەر»، بوو و لە هەوڵەکانی زیندووکردنەوەی چالاکییەکانی کانووندا بەشدارییەکی چالاکی هەبوو. بەرهەمەکانی لە هەردوو سەردەمی پێش و دوای شۆڕشدا ڕووبەڕووی سانسۆر بوونەوە، بەڵام بەرگریی ئەو لە ئازادیی ڕادەربڕین بەردەوام مایەوە. ناونانی وەزارەتی ئیرشاد بە «وەزارەتی سانسۆر»، ناڕەزایەتییەکی ڕاشکاوانە بوو بەرامبەر بە دەستێوەردانی دەسەڵات لە داهێنانی ئەدەبی و مافی خوێنەران بۆ دەستڕاگەیشتنی ئازادانە بە بەرهەمەکان.
کارنامەی دەرویشیان، چیرۆکنووسی، ئەدەبیاتی منداڵان و هەرزەکاران، ڕەخنە و توێژینەوەی فەرهەنگی دەگرێتەوە. «از این ولایت»، «آبشوران»، «فصل نان»، «درشتی» و ڕۆمانی «سالهای ابری» لە بەرهەمە دیارەکانی ئەون. لە پاڵ ئەم نووسینانەدا، «فەرهەنگی کوردیی کرماشانی» و «ئەفسانە و مەتەڵە کوردییەکان» نیشاندەری گرنگیدانی ئەون بە زمان و فەرهەنگی زێدی خۆی. هاوکاری لەگەڵ ڕەزا خەندان مەهابادی لە ئامادەکردنی «فەرهەنگی ئەفسانەکانی خەڵکی ئێران»یش، بەشێکی گرنگی هەوڵەکانی بوو بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی میراتی زارەکیی خەڵک.
چیرۆکنووسی و توێژینەوەی فەرهەنگی لە کاری ئەودا پەیوەندییەکی ڕوونیان هەبوو: گرنگیدان بە ژیان و یادەوەریی خەڵکی ئاسایی. هەمان نووسەر کە ئازاری هەژارانی دەگێڕایەوە، زمان، چیرۆک و ئەزموونەکانیانیشی بە شایەنی تۆمارکردن و گواستنەوە دەزانی. لەم ڕوانگەیەوە، پاراستنی فەرهەنگی خەڵک و بەرگری لە مافەکانیان، دوو لایەنی پەیوەست بە یەکی چالاکییەکانی بوون. میراتەکەی بیرمان دەخاتەوە کە ناسینی کۆمەڵگە، پێویستی بە گوێگرتن لەو دەنگانە هەیە کە زۆرجار لە گێڕانەوە فەرمییەکاندا پەراوێز دەخرێن.
عەلیئەشرەف دەرویشیان لە چواری خەزەڵوەری ١٣٩٦، دوای ماوەیەک نەخۆشی کۆچی دوایی کرد، بەڵام ئەو پرسیارانەی لە بەرهەمەکانیدا خستنیە ڕوو، هێشتا لەبەردەمماندان: بەشی هەژاران لە ژیان چییە و نووسەر بەرامبەر بە نادادپەروەری چ بەرپرسیارێتییەکی هەیە؟ ڕێزگرتن لە ئەو، بە خوێندنەوەی چیرۆکەکانی و وردبوونەوە لە خۆڕاگرییەکەی واتا دەدۆزێتەوە؛ خۆڕاگریی نووسەرێک کە بە مرۆڤ، ئازادی و دادپەروەری وەفادار مایەوە و ئازاری خەڵکی کردە بەشێکی ماندگاری یادەوەریی ئەدەبیی ئێمە.