لە درێژەی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان دژی هاووڵاتییانی کوردستان، چەندین هاووڵاتی لە شارە جیاجیاکان لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و لەسەر چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە بۆکان لە کردەوەیەکی هاوئاهەنگدا بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، چوار ئەندامی بنەماڵەیەک بەناوەکانی حەسەن قۆرغچی، مەسعوود قۆرغچی، ناسر قۆرغچی و شەهاب قۆرغچییان لە شوێنی کارەکەیان دەسبەسەر کردووە و ئەو هاووڵاتییانەیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.
هاوکات مووسا کەریمی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ و دانیشتووی کرماشان، لە حەفتەی ڕابردووەوە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئەمنیی بەندیخانەی دیزڵاوا ڕاگوێزراوە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، گوڵاڵە (نازەنین) ئێلیاسی، خەڵکی شاری مەهاباد، دوای بانگکرانی بۆ یەکەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای ڕێژیم لەم شارە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ۲ ساڵ بەندکرانی دەسبەسەر کرا و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواسترایەوە.
بەپێی هەمان ڕاپۆرت، دیار حاجی ڕەسووڵپوور، خەڵکی شاری بۆکان، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزای ٦ مانگ بەندکرانەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە.
هەروەها هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری ورمێ بە ناوی موهەندیس نیروومەند، نزیکەی دوو حەفتە پێش لە کاتی گەڕانەوە لە گەشتێکی تورکیەدا لە دەروازەی سنووریی سێرۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، ئارمان مەردانی، خاوەن پێداویستیی تایبەت و هاووڵاتیی خەڵکی شاری کامێران، دوای ئەوەی بە پێوەندیی تلفۆنی بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە کرا، هەر لەوێ دەستبەجێ دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و پاش سێ ڕۆژ بێسەروشوێنبوون، ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، لە پەیوەندییەکی کورتی تلفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی، هەواڵی گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنەی پشتڕاست کردووەتەوە.